دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا نرخی زێڕ گەیشتە ئاستێكی بەرز و هەر ئۆنسەیەك گەیشتە سەرووی 1950 دۆلار، لە ئێستادا نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین كردووە و شارەزایەكی كاروباری زێڕ پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخەكەی دەكات.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا نرخی یەك ئۆنسەی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1955 دۆلار، بەڵام دواتر نرخەكەی ڕووی لە دابەزین كرد و لە ئێستادا بووە بە 1886 دۆلار.
ڕاشیگەیاند، لە دوێنێوە نزیكەی 10 دۆلار لە نرخەكەی دابەزیوە و پێشبینی زیاتری دابەزینی نرخەكەی دەكرێت، بەڵام دابەزینی هەڵئاوسانی ئابووری ژاپۆن و بەرزبوونەوەی نرخی یەن-ی ژاپۆنی بەرامبەر بە دۆلار كاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 480 هەزار دینارە و عەیاری 21 بە 420 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 360 هەزار دینارە.