لیژنەی پاڵپشتیی دینار لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بازرگانان دەتوانن مانگانە 100 ھەزار دۆلار وەربگرن بە نرخی فەرمی و ئەمەش بەشێکە لە ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار. ئەوەش بووە هۆی دابەزینی لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا هەر 100 دۆلارێك بە بەهای هەزار دینار دابەزین تۆمار بكات.
عومەر سودانی، ئەندامی لیژنەی پاڵپشتی دینار لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لیژنەکەیان بڕیاریداوە بە کردنەوەی هەژمارێکی بازرگانی لە بانکی بازرگانی (تی بی ئای)، بۆ ئەو کەسانی ناسنامەی ژووری بازرگانیی بەغدایان پێیە، ڕێگەیان پێدەدرێت مانگانە 100 ھەزار دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.
ڕاشیگەیاندووە، بازرگانان پشتگیریی ئەو بڕیارەی لیژنەکەیان کردووە.
پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە بازرگانان لەپێناو ڕێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار لە بازاڕی ڕەش، بە ھەماھەنگی لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغداوە دەکرێت و جێبەجێ کردنیشی دەستیپێکردووە، شارەزایانی بواری ئابووریش دەڵێن، “کاریگەرییەکانی لە ماوەی داھاتوودا دەردەکەوێت”.
هاوكات، ئەمڕۆ یەک شەممە 20ی 8ی 2023، بانكی ناوەندیی عێراق بڕی فرۆشتنی دۆلاری بە زیادكردنی ئاشكرا بڵاوكردەوە، كە بەراورد بە مانگانەكانی ڕابردوو، ئەم مانگە بڕی فرۆشتنی كەم كردۆتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمڕۆ 20ی ئاب، بڕی 195 ملیۆن و 727 ههزار و 892 دۆلاری خستۆتە بازاڕەوە، كە لەو بڕە 175 ملیۆن و 927 ههزار و 982 دۆلاری به شێوهی حهواڵهیە و تەنیا بڕی 19 ملیۆن و 800 ههزار دۆلاری به شێوهی كاشه.
بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو خستنەڕووی دۆلاری کاش زۆر کەم کراوەتەوە، چونکە هەفتەی ڕابردوو تاوەکو سەرووی 37 ملیۆن دۆلار بوو. خستنەڕووی دۆلاریش بەگشتی لە 225 ملیۆن دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 195 ملیۆن دۆلار.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووی لە دابەزین كرد و بۆ هەر 100 دۆلار زیاتر لە 1000 دینار بەهاكەی دابەزیوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە بەهای دۆلار دابەزی و 100 دۆلار بە 153 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە کرا.