سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی بە دەنگی خەڵك و بە پشتیوانیی خەڵك هاتووە و دەبێ ئەو متمانەیە بپارێزرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
لە درێژەی سەردانەكەی بۆ دەڤەری بادینان ئەمڕۆ یەك شەممە 20ی ئابی 2023 مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی شاری زاخۆی كرد و لەگەڵ چین و توێژەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كۆبووەوە.
بارزانی لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، كە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی ئەوەم، كە خزمەتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بكرێت و وتیشی، “پێویستە بایەخ بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدرێت، بۆ ئەوەی زەمینەی گەشە و خوشگوزەرانیی زیاتر بۆ خەڵك فەراهەم بێت”.
ڕاشیگەیاند، كە ئامۆژگاریی بۆ حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان ئەوە بووە كە خزمەتكاری خەڵك بن.
بارزانی ئاماژەشی بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان دا و ئەوەی بە ئامادەبوان ڕاگەیاند، كە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی یەكدەنگی و یەكڕیزیی لایەنەكان دروست ببێ بە تایبەتی لەسەر هێڵە گشتییە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان، پێویستە هیچ لایەنێك لەو هێڵ و بەرژەوەندییە گشتیانە لانەدات.
دەشڵێت: “پارتی بە دەنگی خەڵك و بە پشتیوانیی خەڵك هاتووە و دەبێ ئەو متمانەیە بپارێزرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری سەرەكیی بوونی قەیران و ناسەقامگیری لە عێراق بۆ پشتكردن لە واژۆ و ڕێككەوتنەكان و جێبەجێنەكردنی دەستوور دەگەڕێتەوە و داواشی كرد، “هاووڵاتیان لەو هەڕەشە و كۆسپانە ئاگادار بكرێنەوە، كە دێنە بەردەم خەڵكی كوردستان”.