وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێنماییەك نرخی كارەبای نیشتمانی لەسەر بەشێكی یەكەكانی نیشتەجێبوون گران كردووە و ئەوەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێ كەوتۆتەوە و ڕاوێژكارێكی یاسایی دەڵێت: ” زیادكردنی پارەی كارەبا لەدەسەڵاتی حكومەتی كاربەڕێكەر نییە”.
عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سەرەرای ئەوەی بریارەکەی وەزارەتی کارەبا بەزیادکردنی کرێی کارەبای کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون بۆ 156 دینار بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بارودۆخی ئابووری خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نایەتەوە و ئەم وەزارەتە نەیتوانیوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکات، ئەم زیادکردنەکەش هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت جگە لە دروستکردنی بارگرانی سەرشانی هاووڵاتیان لە کاتێکدا حکومەت خۆی مووچە و خزمەتگوزارییەکانی پێ دابین ناکرێت.
ڕاشیگەیاند، دەرکردنی بڕیارێکی لەم چەشنە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی کاربەرێکەرە (حکومەت تصریف الاعمال).
ڕوونیشی كردەوە، بە گوێرەی لێکدانەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبڕیاری ژمارە (121/ اتحادیە/ 2022) حکومەتی کاربەرێکەر لەم قۆناغەدا ئەرکی سەرەکی بریتییە لە بەرێوەبردنی دامەزراوە حکومییەکان بەرێکوپێکی و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان، کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی خۆراک و دەرمان و کارەبا و پێداویستییەکان و دابینکردنی ئۆقرەیی و ئاسایش بۆ هاووڵاتیان .
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا وەزارەتی كارەبای هەرێم نرخی كارەبای نیشتمانی لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار بۆ كیلۆواتێك زیاد كردووە بۆ بەشێكی كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون لەگەڵ دابین كردنی كارەبای 24 كاتژمێری، بەڵام هاووڵاتیان ناڕازین و دوای كۆبوونەوەی نوێنەرانی هاووڵاتیانی كۆمەڵگا نیشتەجێبوونەكان لەگەڵ وەزیری كارەبا، بڕیار دراوە لێكۆڵینەوە لەو نرخە بكرێت و گۆڕانكاری تێدا بكرێت.