بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ لە سنوورکانی هەرێمی کوردستان باج دەخرێتە سەر هاوردەکردنی بەرهەمەکانی هەنار و سێو و تا 15ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.
بەپێی خشتەنامەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، لەمڕۆ (سێشەممە، 15-8-2023)ـوە بۆ هاوردەکردنی کیلۆیەک سێو بەهەموو جۆرەکانییەوە، بڕی 750 دینار باج دەسەپێندرێت و، ئەو رێکارەش تاوەکو رۆژی 1-12-2023 بەردەوام دەبێت.
هەروەها بەبڕی 600 دینار باج دەخرێتە سەر هاوردەکردنی هەر کیلۆیەک هەنار و ئەو رێکارەش لە رۆژی 15-8-2023ـوە تاوەکو رۆژی 15-12-2023 بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی رێکخستووە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەپێی ئەو خشتەیە و بەپێی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، باج لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمەکان لە دەرەوە بەبڕی جیاواز دادەنرێت.
باج خستنەسەر هاوردەکردنی سێو تاوەکو سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم و هەناریش تاو15 کانوونی یەکەم دەبێت.
ساڵانە لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار تۆن سێو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت، هەروەها نزیکەی 50 بۆ 60 هەزار تۆن هەناریش بەرهەمدەهێندرێت و بەشێکی هەردوو بەرهەمەکەش هەناردە دەکرێن، لەپاڵ ئەمەشدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ساڵانە باج دەخاتە سەرئەوبەرهەمانەی کە پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە، ئەمەش بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکاندا لەنێوخۆدا.