سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار، ئەمڕۆ سێ شەممە ئاشکرای کرد، فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران، جەنەڕاڵ ئیسماعیل قائانی، گەیشتە بەغدای پایتەخت بۆ تاوتوێکردنی دوو مەلەفی گرنگ لەگەڵ حکومەتی عێراق و سەرکردە سیاسییەکان.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە، “قائانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، گفتوگۆ لەسەر دانوستانەکانی ئەم دواییەی عێراق و ئەمریکا دەکات، کە پەیوەندییان بە بوونی هێزەكانی ئەمریکاوە هەیە لە خاكی عێراقدا”.
سارچاوەكە ئاماژەی بەوەدا، کە مەلەفی دووەم “مەلەفی سیاسی پەیوەست بە هاوپەیمانی هەڵبژاردنەکان و جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان”.
لە ماوەی ڕابردوودا، سەرچاوە سیاسی و پەرلەمانیەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیی هێزە شیعەکانیشەوە، جگە لە ڕەوتی سەدری، ئاشکرایان کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی بە چەندین لیستەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە.
شاندێکی باڵای عێراق، کە لە وەزیرانی بەرگری و کاروباری دەرەوە پێکهاتبوو، پێشتر بۆ دانوستان لەسەر چەند فایلێک سەردانی واشنتۆن-یان کرد.