وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی سێ شەممە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە، مووچە ئەولەوییەت دەبێت.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای نزیک لە پارتی راگەیاند، بابەتی یاسای بودجە گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکوومەتی عێراقی دەبێت و هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین و مووچەی هاووڵاتییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە.
هەروەها راشیگەیاند، رۆژی یەکشەمەی داهاتووش شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ تاوتوێی یاسای نەوت و غاز دەچنە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستوور بنەما بێت لەبابەتی یاسای نەوت و گاز و ئاشکراشیکرد، سێ لایەنی سەرەکی لە یاسای نەوت و گازدا گفتوگۆ دەکەن،حکومەتی هەرێم، پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان و حکومەتی عێراق.