پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دوای كۆبوونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار جێگیربێت و هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی کاریگەری خۆیان دەبێت و دەشڵێت: ” گفتوگۆمان کرد لەسەر ئالیەتێکی نوێ بۆ پێدنی دۆلار بەنرخی فەرمی بەمەبەستی گەشتیاری و نەخۆشی و خوێندن بۆ پارێزگای سلێمانی”.
د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی عێراق پێشوازیمان کرد لە پارێزگاریی بانکی نـاوەندی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ناجێگیری بەهایی دینار و دۆلار، پارێزگاری بانکی ناوەندی هۆکارەکانی ناجێگری بەهای دینار و هەوڵەکانی خۆیانی باسکرد بۆ جێگیرکردنی.
ڕوونیشی كردەوە، کارکردنی بانکی ناوەندی بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار بە دوو ئاڕاستە بەردەوامە، یەكەمیان بە ئاڕاستەی ئاسانکاری بۆ بازرگانان بۆ بەکارهێنانی سەکۆکان و دووەمیان بە ئاڕاستەی توندکردنەوەی خاڵە سنورییەکان و نەهێشتنی بەقاچاخ بردنی دۆلار بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگیان لەگەڵ هەرێم دروست کردووە، هەروەها ئاماژەی بە قاچاخێکی زۆردا بۆ تورکیا.
دەشڵێت: “گرفتی بەشێک لە بازرگانانمان گەیاند بە پارێزگاری بانکی ناوەندی لە بەکارهێنانی سەکۆکان، کە دواکەوتن دروست دەبێت و هەندێک جاریش داواکانیان ڕەتدەکرێتەوە، بەڵێنی دا چارەسەری پێویست بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە”.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پارێزگاری بانکی ناوەندی وتویەتی، “تەنانەت ئەو بڕەی تەرخان دەکرێت بۆ گەشتیاران، کە بریتیە لە ۲۰ ملیۆن دۆلار ڕۆژانـە، نیوەی ئەو بڕە بۆ فیعلی گەشتیارە و نیوەکەی تری بەدۆکۆمێنتی ساختە لەلایەن جامبازەکانی دراوەوە دەبرێت”.
جەختیشی كردەوە، گفتوگۆمان کرد لەسەر ئالیەتێکی نوێ بۆ پێدنی دۆلار بەنرخی فەرمی بەمەبەستی گەشتیاری و نەخۆشی و خوێندن بۆ پارێزگای سلێمانی.