شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق راپۆرتی خۆی لەبارەی وردبینی لە خەرجی و داھاتی ھەرێم تەواوکرد و ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق دەکات،
شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لە ھەرێمی کوردستان مانەوە و کۆتایی ھەفتەی رابردوو گەڕانەوە بەغداد، لەو ماوەیەدا راپۆرتێکی تایبەت بە وردبینی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم و داھاتە نانەوتییەکان، کە دەبێتە بنەما بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیەی مانگانە رەوانەی ھەرێم دەکرێت، ئامادە کراو ڕادەستی وەزارەتی دارایی و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم راگەیاند، لیژنەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق کارەکانی بە کۆتا ھێناوەو راپۆرتی خۆی لەبارەی داھات و خەرجییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تەواو کردو گەراوەتەوە بەغداد، لەم ھەفتەیەشدا راپۆرتەکەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق و سەرۆک وەزیران دەکات.
وتیشی ئەوەی لەسەر ئەوانە وەزارەتی دارایی ھەموویان وەکو خۆی جێبەجێ کردووە چاوەرێی بەغداد دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ھیچ گرفتێک و کێشەیەکی نوێ نەکەوێتە نێوان ھەرێم و بەغدا ئەوا لە ١٨ تاوەکو ٢٥ ئەم مانگە حکومەتی عێراق بەشە بووجەی ھەرێم رەوانە دەکات و لە کۆتایی ئەم مانگەدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٧ فەرمانبەران دەکات.