هێرشەکانی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەردەوامی هەیە و شارەزایەکی کاروباری سیاسەتی تورکیا پێیوایە تورکیا لە چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ئامانجێکی هەیە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ وەستاندنی هێرشەکان بەڵام بەرپرسانی تورکیا تائێستا وەڵامیان نادەنەوە و داوادەکات هەولێر و بەغدا هەڵوێسیان هەبێت.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا کە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێل و ناوچەکان بە ئامانج دەگرێت، ڕایگەیاند، “هەمیشە نیگەرانیمان لە هێرشە بەردەوامەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی گەیاندوەتە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نیگەرانییەکانمان نەدراوەتەوە”.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، “کونسوڵخانەی تورکیا دەزگایەکی دیپلۆماسییە و هەمیشە دەڵێن نیگەرانییەکانتان دەگەیەنینە سەروی خۆمان، بەڵام بۆردومانەکانی تورکیا سیاسی و سەربازی و ئەمنییە، دەبێت حکومەتی هەرێم و عێراق هەڵوێستیان هەبێ”.
ئەوە لەکاتێکدایە، لەماوەی سێ ڕۆژدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا سێ هێرشیان لە سێ ناوچەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامداوە و بەهۆی ئەو هێرشانەوە، ٧ کەس کوژران ٤ کەسی تریش برینداربوون.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی کە ڕێکخراوەکەی چاودێری بۆردومانەکانی تورکیا و زیانی بۆردومانەکان بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم دەکات، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “پێشتر ئێمە هۆشداریمانداوە لەوەی هێرشەکانی داهاتوی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکان نابێت، بەڵکو بۆسەر شارو شارۆچکەکان دەبێت”.
ئەو وتیشی، “بەشێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە ژێر فشاری درۆندا هاتونەتە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، درۆنی تورکیش چاودێری جموجۆڵیان دەکات و هێرش ئەنجام دەدات”.
بەپێی راگەیەنراوی دژە تیرۆری کوردستان (پارتی)، لە هێرشی ڕۆژی چوارشەممەی رابردوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی، بەرپرسێکی هەواڵگیری پەکەکە گیانی لەدەستداوە و دو چەکداری تریش برینداربون.
دژە تیرۆری کوردستان (پارتی)، راگەیەنراوێکی لە بارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ هەینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی پێنجوێن بڵاوکردوەتەوەو ڕایگەیاندوە، بەهۆی هێرشەکەوە بەرپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی تر گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی ناوچەی پێنجوێن رایانگەیاندوە، هێشتا ناسنامەی ئەو سێ کەسە دیارنییە کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
لە بارەی وەڵامی تورکیا بۆ کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فرۆکەخانەی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، وتی، “داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، پرسێکی سیاسی و سەربازییە، دەبێت دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق و وەزارەتی دەرەوە بەدواداچونی بۆ بکەن”.