قوباد تاڵەبانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە: نابێت لەپێناو بەرژەوەندی چەند کەسێک پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە پەک بخرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیوا روکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەفسەران و پلەداری وەزارەت رایگەیاند؛ بەردەوام دەبین لە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەر کەس و بەرپرسێک کەمتەرخەم بێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٩ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دواپێشهات و گرژی و ناکۆکییەکانی ناو دیوانی وەزارەت کرا.
لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە گرژییەکان و هۆکارەکانی کرد و هەروەها روونکردنەوەی دا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و کێشە و کەموکوڕییەکانی پڕۆسەکەی خستەڕوو.
جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رایگەیاند: ئاساییە گرژی و ناکۆکی سیاسی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام قبوڵ کراو نییە ئەو گرژییە بهێنرێتە ناو وەزارەتی پێشمەرگە.
وتیشی: بەڵێنمان بە خەڵکی خۆمان و هاوپەیمانەکانیشمان داوە کە، هێزەکانمان تۆکمەتر و راهێنراوتر بکەین و قۆناغ بە قۆناغ پڕۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکەین، هەربۆیە ناکرێت لەپێناو بەرژەوەندی هەندێک کەس، دەستبەرداری بابەتێکی وەها هەستیار و گرنگ بین.
ئێمە بەردەوام دەبین لە پڕۆسەی چاکسازی و لێپرسینەوەش لە کەسانی کەمتەرخەم دەکەین لە هەر پلەو پۆستێکدا بن.
جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا پەیامێکی بۆ هەموو بەرپرسان و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە نارد و رایگەیاند: لەڕووی سیاسی و حیزبییەوە سەر بە هەر لایەنێکن، لەڕووی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە ئەرکی ئێوەیە لە وەزارەت پیشەییانە مامەڵە بکەن و دووربکەونەوە لە ململانێ و نەبنە بەشێک لە ناکۆکی سیاسی و حیزبی و مل نەدەن بۆ هیچ دەستێوەردانێک لە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت.