کۆمپیوتەرێکی “پێشکەوتوو” بەناوی سۆپەر کۆمپیوتەر، پێشبینی براوەکانی مۆندیال دەکات تا یاریی کۆتایی.
سوپەر کۆمپیوتەرێک لەسەر بنەمای تێکەڵەیەک لە پێشبینییەکان و شیکاری دیجیتاڵی، پێشبینی ئەنجامەکانی قۆناغی ١٦ی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەری کرد.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی “زە سەن”ی بەریتانی، کۆمپیوتەرەکە سەرکەوتوو بووە لە پێشبینیکردنی براوەی دوو یاریی یەکەمی قۆناغی ١٦ی مۆندیال، کە ئەوانیش هۆڵەندا و ئەرجەنتین بوون.
بۆ یارییەکانی ڕۆژی یەکشەممە، کۆمپیوتەرەکە پێشبینی کردبوو فەرەنسا لە پۆڵەندا و ئینگلتەراش لە سەنیگال بباتەوە.
پێشبینییەکانی سۆپەر کۆمپیوتەر، بۆ کۆی یارییەکانی قۆناغی ١٦ ئاماژەی بەم ئەنجامانەی خوارەوە کردووە:
بەڕازیل لە کۆریای باشوور دەباتەوە.
ژاپۆن لە کرواتیا دەباتەوە.
سویسرا لە پورتوگال دەباتەوە.
ئیسپانیا لە مەغریب دەباتەوە.
هەروەها کۆمپیوتەرەکە پێشبینی ئەم ئەنجامانەی خوارەوەی کردووە لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا:
ئەرجەنتین لە هۆڵەندا دەباتەوە.
بەڕازیل لە ژاپۆن دەباتەوە.
فەرەنسا لە ئینگلتەرا دەباتەوە.
ئیسپانیا لە سویسرا دەباتەوە.
لە قۆناغی پێش کۆتایشدا، کۆمپیوتەرەکە پێشبینی ئەوەی کردووە، بەڕازیل لە ئەرجەنتین دەباتەوە و سەردەکەوێت بۆ یاری کۆتایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەرەنسا، کە ئیسپانیا شکست پێدەهێنێت.
سەبارەت بە براوەی مۆندیالی ٢٠٢٢، ئەو سۆپەر کۆمپیوتەرە “سەماکارانی سامبا” دەستنیشان دەکات کە لە “کەڵەشێرەکان”ی فەرەنسا دەبەنەوە و نازناوەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئەمریکای باشوور.