هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەربارەی یاسای نەوت و غاز و داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان گفتوگۆ دەکات.
شەوی ڕابردوو سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی لە بەغدا کۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی عێراق و چەند دۆسیەیەکی سیاسی و ئابووری، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژەی یاسای نەوت و غاز و ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە کرا کە هەفتەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی نوێنەری هێزە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان بەڕێوەچوو.
ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی عێراق بەپەرۆشە بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان سەبارەت بە یاساکە و ڕەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەویش دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە کە ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ جێگیرکردنی بەهای دراو و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری بازاڕ و ئابووری گفتوگۆکرا.
لە بەشێكی دیکەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، باس لە میکانیزمی داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانی دەوڵەت کرا.