د. دانا حاجی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لە چاوپێكەوتنێك بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی راگەیاند، هەوكردنی تورەكەی زراو بە دوو جۆر دەبێت لە سەدا 85ی تا سەدا 90 لەبەر بوونی بەردە تیایدا، بەڵام سەدا 15ی بەردی تیا نییە هەر وەكو شوێنێكی تر هەو دەكات.
ئەوەی خەڵك پێی ئاشنایە بوونی بەردە لەناو تورەكەی زراو، كە زیاتر ئیلتیهاب (هەو) دەكات، كە ئەگەر چارەسەر نەكرێت تووشی كێشەی گەورەت دەكات.
د. دانا حاجی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی سەبارەت بە بوونی نیشانە بۆ هەست كردن بەو نەخۆشییە وتی، “بەردی تورەكەی زراو زۆربەی زۆری هیچ هێمایەكی نییە و كپە، دەرناكەوێت. كاتێك نەخۆش بەمەبەستی ئەنجامدانی سۆنەر دەچێتە لای پزیشك بۆ نەخۆشییەكی تر ئەوا ئەو حاڵەتە دەردەكەوێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، هەندێكجار بەردی تورەكەی زراو ژان دەكات و ئیلتیهاب دەكات و هەڵدەئاوسێ، یاخود بەرد دێتە خوارەوە و دێتە ڕێڕەوی گشتی زەردوویی دەبێتە هۆی نەخۆشی زەردویی. پێویستە دەستبەجێ لەو كاتە چارەسەری پزیشكی وەربگرێت.
سەبارەت بە بوونی چارەسەر بۆ نەخۆشیی بەردی زراو ڕایگەیاند، پێویستە نەشتەرگەری ئەنجام بدات لە ڕێگەی نازورەوە (هەناوبینی) ئەوەش لەڕێگەی سێ یان چوار كون پڕۆسەكە بەڕێوەدەچێت و زراوەكە دەردەهێندرێت.