جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئاساییە ناکۆکی سیاسی هەبێت، بەڵام نابێت هاووڵاتییان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن و دەشڵێت: “زۆربەی هۆكاری ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبوونی متمانەیە”.
نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ سێش ەممە پێشوازی کرد لە ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی نوێی بریتانیا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا دواپێشهاتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و دوا هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کران.
لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی وتی، “ئاساییە ناکۆکی سیاسی هەبێت، بەڵام نابێت هاووڵاتییان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، ئێمە دەمانەوێت بەپێی دەستوور هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەموو لایەکیش پابەندبن بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە بۆ ئەوەی مافی هەموان پارێزراو بێت”.
ڕاشیگەیاند، نەبوونی متمانە هۆکاری سەرەکی زۆربەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادە، هەربۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەپێناو دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق و کوردستان هەوڵی گێڕانەوەی متمانەی نێوانیان بدەن تا بتوانرێت کێشە کەڵەکەبووەکان چارەسەر بکرێن و چیتر هاووڵاتییان باجی ناکۆکییە سیاسییەکان نەدەن.
سەبارەت بە پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، قوباد تاڵەبانی وتی، “سوورین لەسەر جێبەجێکردن و بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئەو گرژییەی ئێستا هەیە کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی نەبێت”.
جەختیشی كردەوە، “ئامادەین بۆ ڕێکخستنەوەی باشتری کاروبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێویستیشە هەموو لایەک بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن و نابێت ڕێگە بدەن ناکۆکییەکان بمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر”.