سەرەڕای فرۆشتنی بڕێكی زۆری دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە و خستنەبواری جێبەجێ كردنی یاسای بودجە، بەڵام نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە و بەهای 100 دۆلار 153 هەزار دیناری تێپەڕاندەوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەكاندا جارێكی دیكە نرخی دۆلار بەرزبووەوە و بەهای 100 دۆلار گەیشتە 153 هەزار و 250 دینار.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ ڕێنماییەكانی جێبەجێ كردنی یاسای بودجەی سێ ساڵی (2023 و 2024 و 2025)ی عێراق لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقائیعی عێراقی) بڵاوكرایەوە و لە ئەمڕۆوە چۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە و دەبوو نرخی دۆلار دابەزێت.
بانكی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە، بڕی زیاتر لە 208 ملیۆن دۆلاری بە زیادكردنی ئاشكرا فرۆشتووە، كە زیاتر لە 31 ملیۆن دۆلاری بە كاش بووە و بڕەكەی دیكەی بە شێوەی حەواڵە بووە.