هەندرێن شێخ راغب
نوسین بەرچاو رونی و بەرپرسیاریەتیە، نەوەكو نائومێدكردن و رەش بینی، من ئەوكاتەی رەخنەدەگرم لەهەموو كات زیاتر خاوەنی هیوام، چونكە سیاسەت و گۆڕانكاری هەرگیز ناوەستن و داهاتوو دێت و لەسەر قسەی كەسمان ناوەستێ كەواتە بۆ ئەوەی خاوەنی داهاتوو بین دەبێت رەخنەبگرین و دەستنیشانی قەیرانەكانمان بكەین.
ئێمەی كورد ماوەی سی ساڵە قەوارەیەكمان هەیە، لە دەستوری هەمیشەیی عێراقیش دانی پێدانراوەو زمانەكەشمان زمانی فەرمی عێراقە.
دوای ریفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ، هەرێمی كوردستان لەبەردەم چەند ئاراستەیەكی دژ بەیەكدایەو دوو رێگای جیاوازو دژ بەیەكی هاتۆتە بەردەم. لەلایەك كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی روویان لە بەغدایەو پشتیوانی عێراقی یەكگرتوون، لەلایەكی دیكەوە هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و وەك پێشوو مامەڵە بكات، عێراق ئەمەی قبوڵ نیە،بۆیە ئێستا ئێمە نە ئەوەیە سەربەخۆ بین نە ئەوەشە عێراقی بین.
ئەم دۆخە بەمجۆرە زیانی گەورەی دەبێت یان پێویستە هەرێمی كوردستان قەیرانە سەختە ناوخۆیەكانی تێبپەڕێنێت. یان پێویستە بچێتەوە بەغدا؟
لەناو كورد دوو بیركردنەوەی جیاواز هەیە؟ دەستەبژێری سیاسی و روناكبیری و توێژەری كوردستان دوو بیركردنەوەی جیاوازی هەیە:
یەكەمیان: پێی وایە كوردو عێراق دوو رەوتی پێچەوانەن، هەر كاتێك عێراق بەهێز بێت، كوردستان لاوازە، هەر كاتێك عێراق لاواز بێت كوردستان بەهێزەو هەرگیز ژیان لەگەڵ عەرەب و عێراق ناكرێت و ئەوەی هەیە تەنها تەسلیم بوونەو بەهیچ شێوەیەك داهاتووی كورد لەبەغدا مسۆگەر نیە.
دووەم: پێی وایە عێراق دەرفەت و هەلێكە لەبەردەم كورد، دەستور هەیە، فراكسیۆنی كوردستانی هەیە، سەرۆك كۆمارو دەیان وەزیرو بەڕێوەبەرو دەرفەتی گرنگ هەیە، عێراق دەوڵەتەو ئەوە ئێمەین سود لەم دەرفەتە وەرناگرین و ناتوانین شوناسە بچوكەكانی حیزبی و بەرژەوەندی شەخسی و ناوچەیەكانمان تێبپەڕێنین، ئەگینا بەغدا وەك عەرەب پایتەختی ئێمەشەو بۆكێی چۆڵ بكەین؟ هەلێكی گەورەیە كە دەوڵەتمان نیەو دەوڵەتێكمان لەبەردەستە؟.
بەڵام بۆ دۆخی هەنوكە دەبێت راشكاوانە بڵێین هەرێمی كوردستان خۆی خەریكی لاوازكردنی خۆیەتی، بۆ نمونە كێ دەستی گرتووە هەڵبژاردن بكات و دامەزراوە شەرعیەكانی خۆی نوێ بكاتەوە؟ كێ دەستی گرتووە سەرجەم داهاتەكانی زەوی و ئاسمان و سنورەكان و ناوخۆی شارەكان كۆ بكاتەوەو رێكوپێك بەسەر میللەت و موچەخۆراندا دابەشی بكاتەوەو متمانە بۆ هاوڵاتیان بگەڕێنێتەوە؟ كێ دەستی گرتووە ئازادی رۆژنامەوانی و را دەربڕین و مافی مرۆڤ چاك بكات؟ كێ دەستی گرتووە سیستمی پەروەردەو تەندروستی چاك بكات؟ كێ دەستی گرتووە كارەباو ئاو چاك بكات؟ تاكەی بارەگای حیزب كاریگەری زیاتر بێت لە بینای پەرلەمان؟ تاكەی بارەگای حیزب دەسەڵاتی زیاتر بێت لە ئەنجومەنی وەزیران؟ تاكەی بارەگای مەكتەب سیاسی فەرماندەری پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكان بێت؟.
ئەم گەورەكردنەی جەستەی حیزب وایكردووە گەورەترین زلهێزی جیهان كە ئەمریكایە هاوار بكات بەسەرماندا بڵێ بەسە ئیدی هێزی پێشمەرگە بكەنە نیشتمانی و یەكی بخەنەوەو خاوەنی سوپای كوردستان بن، بۆیە ئێمە یان دەبێت هەرێمی كوردستان دیموكراتیزەبكەین و دەستبەرداری زلهێزی حیزبی بین، یان كۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتمان تێ دەكات و تەسلیم بە قەدەری عێراق دەكرێینەوە.
شتێكی دیكە هەیە دەمەوێت باسی بكەم: جاران گەلی كوردو دەسەڵاتداران و حیزبەكان یەك بەرە بوون، كۆمەڵی نێودەوڵەتی و دەوڵەتان بەرەی دیكە.
ئێستا هاوڵاتیانی كوردستان و گەل بەرەی كۆمەڵی نێودەوڵەتین و رێكخراوەكان و دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت بزانن بەتەنیا لەیەك بەرەدان؟، بۆیە ئەگەر ئەمریكا پشتمان تێ بكات گەل خۆپیشاندان ناكات بۆ پشتیوانی ئێوە، بەڵكو دەست خۆشی لە ئەمریكا دەكات، بەڵگەش دادگای پاریس بوو خەڵك خۆشحاڵ بوو كە نەوت لەدەستی هەرێمی كوردستان نەما، تكایە یان دەستبەرداری ئەم عەقڵیەتە بن و گوێ بگرن و گۆڕانكاری قبوڵ بكەن، یان رێگر نەبن لە گۆڕانكاری و دەركەوتنی هێزی نوێ و نوێنەرایەتی نوێ.
دۆخێك دروست بووە، عێراق باسی یەكەمە، باسی دووەمیش هەر عێراقە، ئەوانەی باسمان كرد، ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی باسی یەكەم ببێتەوە هەرێمێكی بەهێزی كوردستان، كە ئەوە خواستی منەو هەمیشە پێم وایە كوردستان دەبێت باسی یەكەم و قەزیەی یەكەم بێت..، كوردستانێك پایە پتەوەكانی لەسەر دیموكراسی بونیاد نرابێت.