لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بازیان بەهاوکاری ئاسایشی سنورەکە، سێ تۆمەتباریان دەستگیركرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لەناحیەی بازیانی سەر بەپارێزگای سلێمانی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروستبوو، لەئەنجامدا كەسێك بەفیشەک برینداربوو، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ڕاشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەستیپێکرد و کەشف و هێڵکاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە ئەنجامدرا و دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سێ تۆمەتبار دەرکرد.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەبەردەوامیی لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی هێزەکانی پۆلیس، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی بازیان بەهاوکاری ئاسایشی سنورەکە سێ تۆمەتبار دەستگیربكرێن.
جەختیشی كردۆتەوە، لەسەر بڕیاری دادوەر پشکنین بۆ ماڵی تۆمەتباران ئەنجامدرا و توانرا دەستبگیرێت بەسەر ژمارەیەک چەکی جۆراوجۆردا و لەئێستادا تۆمەتباران (ف، ف، ت لەدایکبووی ١٩٧١ – پ، ف، ت لەدایکبووی ١٩٨٦ – ر، پ، ف لەدایکبووی ٢٠٠٠) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٥ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.