لە بۆشایی ئاسماندا چۆن مامەڵە لەگەڵ تەرمی كەشتیوانێكی كۆچكردوو دەكرێت؟



ئەگەر كەشتیوانێك لە بۆشایی ئاسماندا كۆچی دوایی بكات ئاخۆ چی بەسەر تەرمەكەیدا دێت و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت؟ ئاخۆ ئەگەر سەربەست بكرێت بۆ نێو بۆشایی ئاسمان، ئایا ئەم تەرمە بەبەسەرچوونی كات چی بەسەر دێت؟ شی دەبێتەوە یان وەكو خۆی دەمێنێتەوە؟

ڕێكخراوی فەلەكناسی كوردستان لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر یەكێ لە كەشتیوانەكان لە بۆشایی ئاسمان، واتە لەنێو كەشتییەكی ئاسمانیی دوور لە زەویدا كۆچی دوایی بكات، ئەوا بەپێی ڕێكەوتننامە نێو دەوڵەتییەكان و یاساكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە هیچ شێوەیەك نابێ تەنێكی وەك تەرمی ئادەمیزاد یان لاشەی گیاندارێك یان زبڵ و خاشاك فڕەبدرێتە نێو بۆشایی ئاسمان، چونكە ئەو كارە بە گشتی دەبێتە هۆی پیسكردنی ژینگە ستاندارەكەی نێو بۆشایی ئاسمان كە هەرچەندە یەگجار یەگجار زۆر مەزن و فراوانیشە، هەروەها تەرمی ئادەمیزاد لە بۆشایی ئاسماندا خۆی لە خۆیدا دەبێت تەنێكی مەترسیدار بۆ كەشتییە ئاسمانییەكانی دیكە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەبەرئەوەی ئەولەوییەت بۆ تەرمی ئادەمیزادە، بۆیە دەبینین لەنێو ئاژانسێكی وەك (ناسا) پسپۆڕێكی بوارەكانی رەوشت و هەڵسوكەوتەكان هەیە كە پێكهاتووە لە (د. پاول رۆت وۆپڵ) و تیمەكەی و زۆر بیر لەو بوارانە دەكەنەوەو بە دوای گەیشتن بە شیاوترینی رێگەكانی چارەسەریكردنن.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بۆ نموونە، ئەگەر هاتوو مرۆڤ گەشتێكی بۆ مەریخ ئەنجامدا، ئەوا رەنگە هەر چوون 14 مانگ و هاتنەوەش ئەوەندە بخایەنێت، یان مانەوە لەنێو (وێستگەی ئاسمانیی ئەلفا) كە جاری وا هەیە كەسێك دەتوانێ بۆماوەی یەك مانگ تیایدا بمێنێتەوە، بۆیە هەموو ئەگەرێك لە ئارادایەو رەنگە یەكێك یان چەند كەسێك لە تیمی كەشتیوانان گیانیان لەدەست بدەن.

دەشڵێت: یەكێ لە رێگە چارەسەرییەكان بریتی بوو لە ناشتنی مردووان لە نێو خاكی مەریخدا، بەڵام ئەم بیرۆكەیەش ڕەتكرایەوە چونكە دەبێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی كیمیایی خاك و خستنە نێوی هۆكاری نامۆو نوێ بۆ تێكدانی شیرازەی سروشتیی خاكی ئەو هەسارەیە لە شوێنەدا، كە ئەمەش لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی تێكدان و شێواندنی پرۆسێسەكانی گەڕان بە دوای هەر ژیانێكی رەسەنیی مەریخیی كۆندا.

ڕێكخراوی فەلەكناسی كوردستان ڕاشیگەیاندووە، پاشان پێشنیار كرا كەوا گۆڕستانێكی بچووك لەنێو كەشتییەكاندا بونیات بنرێ، بەڵام دەركەوت تێچوونەكانی یەگجار زۆرە، بۆ نموونە، یەك كیلۆگرام لەهەر مادەیەك كە ئاژانسێكی بۆشایی ئاسمانیی لەنێو خولگەیەكی دەوری زەویدا جێگیری دەكات نزیكەی 20.000 دۆلاری پێویستە، بۆیە ئەم بیرۆكەیەش دوورخرایەوە.

لە ساڵی 2005دا، ئاژانسی (ناسا) داوای لە كۆمپانیای ( Promessa ) ی سویدیی پسپۆڕ لە بواری شاردنەوەی تەرم كرد، كە چارەسەرییەكی گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە، ئەوەبوو كۆمپانیاكە توانی رێگە چارەسەرییەك زۆر گونجاو بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی تەرمەكان لە بۆشایی ئاسمانداو رێگەیەكە بەم شێوەیەیە:

سەرەتا تەرمەكە لە رێگەی گازی نایترۆجینەوە بۆ 200 پلە لە ژێر سفری سیلیزیی دەبەستێنرێت، پاشان لە رێگەی هەژاندنەوە تەرمە بەستووەكە وردوخاش دەبێت بۆ تەنۆچكەی یەگجار زۆر وردو دوای وشكردنەوەی ئاویش تیایدا، ئەوەی دەمێنێتەوە لەسەر شێوەی پاوەدرێك دەبێ و دەخرێتە نێو جانتایەكی بچووك و دوای گەڕانەوەی كەشتییەكە بۆ زەوی، لە مەراسیمێكدا بە خاكدا دەسپێردرێت.

ئەو كەسەی ماتۆڕسكیلی دلیڤەری گەنجەكەی هەولێری دزی، دەستگیركرا
پێت ئەو كەسەی ماتۆڕسكیلی دلیڤەری گەنجەكەی هەولێری دزی، دەستگیركرا
پەروەردە لەسەر دواخستنی تاقیكردنەوەكان بەهۆی پەتاوە ڕوونكردنەوە دەدات
دوات پەروەردە لەسەر دواخستنی تاقیكردنەوەكان بەهۆی پەتاوە ڕوونكردنەوە دەدات
پەیوەندیدار