بانكی ناوەندی عێراق، دۆلاری بە نرخی فەرمی نەداوە بە هەرێم



پسپۆڕێكی ئابووری ڕایدەگەیەنێت، كە بانكی ناوەندی عێراق، هەرێمی كوردستانی بێ‌ بەش كردووە لە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی و داواش لە پەرلەمانتارانی كورد دەكات بەدواداچوون بكەن و ئەو مافە بۆ هەرێمیش دەستەبەربكەن.

ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، داوا لە پەرلەمانتارانی كورد دەكەم، بەدواداچوون بكەن بۆ دوو پرسی گرنگی دارایی لە بانكی ناوەندی، چونكە بەپێی ئەو ڕێكارە نوێیانە دۆلار بە نرخی فەرمی بە خەڵك و بازرگانانی كوردستان نەدراوە.

قەرەداغی ڕوونی كردەوە، بانکی ناوەندی عێراقی بەمەبەستی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی (100 دۆلار بە 132 هەزار دیناری عێراقی)، ڕۆژانە دۆلار دەدات بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، بەڵام تا ئەم ساتە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێم بێبەشن لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی و گەشتیاری کورد بێبەش بووە لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی.

جەختیشی كردەوە، کۆمپانیاکانی دراو لە هەرێم بە پێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی پێکهاتووە و لە هەردوو جۆری A و B خۆیان ڕێکخستووە.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە دەشڵێت: “بانکی ناوەندی عێراق، دۆلار بە نرخی فەرمی دەدات بە سێ گرووپی کۆمەڵایەتی، ئەوانیش (بازرگانی بچووک و مام ناوەند، خوێندکار کە لە دەرەوە بخوێنێت، نەخۆش لە دەرەوە چارەسەر وەربگرێ)، بەڵام هەرێمی کوردستان لەمە بێبەشە، بۆیە پێویستە بانکی ناوەندی جیاکاری بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان نەکات و لە داڕشتنی سیاسەتە نەختینەییەکانیدا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت”.

 

سبەینێ‌ لە 16 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەكرێت
پێت سبەینێ‌ لە 16 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەكرێت
لەسەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە
دوات لەسەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە
پەیوەنیدر