شاندی هەرێمی کوردستان و لایەەن پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر پرسی یاسای نەوت و گاز کۆبوونەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت: داوای سەرکەوتن لە خودای گەورە دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە کە خزمەت بە وڵاتە ئازیزەکەمان و هەموو گەلی عێراق دەکات.
ڕۆژی شەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پڕۆژە یاسای نەوت گاز سەردانی شاری بەغدای کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆک وەزیران کە هاوکات وەزیری دەرەوە و وەزیری نەوتن لەگەڵ شاندی هەرێم و پارێزگارانی پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوت و ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیران و ستافی وەزارەتی نەوت بەڕێوەچوو
دەربارەی سەردان و کۆبوونەوەکەش ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای پاکێجی چاکسازییە یاساییەکان کە لەلایەن کارنامەی حکومەتەوە پێشکەشکراون، بەتایبەتی ئەوەی لە تەوەرەی بیست و سێیەمدا باسکراوە سەبارەت بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز و لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سودانی بۆ خێراکردنی تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە و بە بەشداریکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییەدا.
ڕونیشیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی و ئامانجەکانی ئەم یاسایە و پێویستی تەواوکردنی بە زووترین کات و بە بەشداری هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆک وەزیران کرا و کەشی کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و پەرۆشی هەموو لایەنەکان بوو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە چونکە بەشێکە لە پابەندبوونی بەرنامەی وەزارەتی کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە.
ئومێد سەباح وتیشی، یاساکە وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنانی سامانی نەوت و گاز لە باشترین کردارە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق مسۆگەر بکات و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازانەی خوارەوە کرا:
1- پێکهێنانی لیژنەکان بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە و ڕێکخستنی کۆبوونەوەکانی دواتر
2- نووسراوێکی کارکردن لە ڕێگەی لیژنەکان پێشکەش دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینەی کە لەلایەن وەزارەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانەوە پێشکەشکراوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوون و گفتوگۆکانی پێشوو کە لە ڕێگەی ئەم لیژنانەوە دیراسەتی لەسەر دەکرێت بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.
ئومێد سەباح وتیشی: داوای سەرکەوتن لە خودای گەورە دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە کە خزمەت بە وڵاتە ئازیزەکەمان و هەموو گەلی عێراق دەکات.