وەزیری دەرەوەی سوید لە هەوڵێكیدا بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندی وڵاتەكەی لەگەڵ باڵوێزانی چەندین وڵاتی ئیسلامیدا كۆبوەوە و هەڵوێستی بەرپرسانی وڵاتەكەی لە بەرامبەر روداوی سوتاندنی قورئانی پیرۆز رونكردەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵیی نۆڤۆستی روسی، تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید، لە دانیشتنێكیدا لەگەڵ باڵوێزانی ڕێكخراوی وڵاتانی هاوكاریی ئیسلامی، دڵنیاییدا لە بارەی ویست و ئیرادەی وڵاتەكەی بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیدا، لە پاش روداوی سوتاندن و سوكایەتیكردن بە قورئانی پیرۆز لەلایەن هاوڵاتییەكی عێراقی دانیشتوی ستۆكهۆڵم.
وتیشی، “زۆربەی كاتەكانی پۆستەكەم لەپێناو بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە ئیسلامییەكاندا تەرخان دەكەم، سەردانیان دەكەم و لە مانگی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵدا بانگهێشتیان دەكەین بۆ گفتوگۆكانمان لە یادی هەفتەی نەتەوە یەكگرتوەكاندا لە نیویۆرك”.
جەختیشیكردەوە، دانیشتنەكە دەرفەتێكی باش بو بۆ رونكردنەوەی هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی سوید لە بەرامبەر سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتەكەی، ئاشكراشیكرد، “لە دانیشتەنەكەدا باسمان لە دەستور و ئازادییە دەستورییەكانی وڵاتەكەمان كرد”.