ئەمریکا و ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد کە بڕیارە 25ی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ هەینی ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر پێشوازی لە راگەیەندراوی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن کە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە 25ـی شوباتی 2024 بەڕێوەدەچن.
وتیشی: هەڵبژاردنی ئازاد، دادپەروەر و لەکاتی خۆیدا، بنچینەی هەر دیموکراسییەتێکی تەندروستن.
هاوکات باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا لە تویتێکدا رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن کە 25ـی شوباتی 2024ـەیان دەستنیشان کردووە.
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا داوای هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروانە دەکات و راشیگەیاند، مافی دەنگدان کۆڵەکەی دیموکراسییە و دەرفەتێکی بەنرخە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تا دەنگی خۆیان بگەیەنن.
هەر لەو بارەیەوە کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بەشدارییەکی بنیاتنەرانەیان هەبێت لەپێناو دڵنیابوونەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر لەکاتی گونجاودا.
لە لایەکی دیکەشەوە کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر ڕایگەیاند، ئێمە بە تەواوەتی پاڵپشتی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و گشتگیر دەکەین بۆ ئەوەی رێگە بە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بدرێت گوزارشت لە مافی دەنگدانیان بکەن.
دوێنێ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەەرێمی کوردستان ڕۆژی 25ی شوباتی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد.