لە دوای ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا، چەندین کێشە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کەڵەکەبوون کە بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکان ناو دەبرێن، لەوانە جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵییدا، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غازی فیدراڵی و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی پێشمەرگە.
لایەنە کوردییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لە عێراق، زۆرێک لە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر دەکات، بۆیە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ دەرکردنی یاساکە و پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە دەستووری عێراقدا هاتووە کە، نەوت بە ھاوبەشی لەنێوان ھەولێر و بەغدا دەردەھێندرێت، بەڵام حکوومەتەکانی پێشووی عێراق، بەھۆی وشەی “بە ھاوبەشی”، دەرکردنی یاساکەیان رەت کردەوە، چونکە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون، ھەرێمی کوردستان لەو دۆسییە بەشداری پێ بکەن، بەڵام ئێستا دەرفەتێکی باش بۆ ھەولێر و بەغدا رەخساوە بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە پاڵپشتی لە ھاوبەشیی ھەردوولا دەکەن، بە تایبەتیش کە حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، بە رێککەوتنی سیاسیی نێوان شیعە، سوننە و ژمارەیەک لە لایەنە کوردییەکان لە مانگی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ پێکھێنراوە.
لە ماوەکانی رابردوودا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، توانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵییدا بچەسپێنێت و لەئیستادا ھەوڵی چارەسەرکردنی پرسی نەوت و غاز دەدات لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵییدا.
ھاوکات کێشەی نێوان ھەولێر و بەغدا لە بارەی دۆسیەی نەوت و غاز زیاتر لەو کاتەدا زەقبووە کاتێک لە رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان نا دەستوورییە و پێویستە ھەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە بڕیاری دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی ماددەکانی ١١٠، ١١١، ١١٢، ١١٥، ١٢١ و ١٣٠ی دەستوورە، ھەروەھا حکوومەتی عێراقیش، وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێری دارایی عێراقی پابەند کرد کە چاودێری تەواوی گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و گاز بکەن.
ھاوکات رۆژی ٢٥ی ئادار، دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکوومەتی حەیدەر عەبادی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا تۆمارکرابوو، بڕیاری دا کە ھەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا ناتوانێت نەوت بفرۆشرێت و دوای بڕیارەکەش ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان راگیرا.
دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن کرد کە لە میانی سێ رۆژدا، عەمبارەکان پڕ بکەن و کارەکانیان رابگرن.
ھەروەھا دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر میکانیزمێکی نوێی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO) نەوتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، داھاتەکەشی لە ھەژمارێکی بانکی دادەنرێت.
ھەروەھا ھەولێر و بەغدا لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێنا بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، بەڵام تا ئیستا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەستی پێ نەکردووەتەوە.
ماوەی پێنج مانگە ھەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، بەپێی زانیارییەکان، زیانەکانی راگرتنی نەوتی کوردستان لەوە ماوەیەدا زیاتر لە دوو ملیار بووە.
رۆژی ٣١ی تەمووز، شاندێکی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ئاب، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی کۆبووەیەوە.
کۆبوونەوەکە بەسەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەڕێوەچوو کە تیایدا ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، وەزیرانی دەرەوە، نەوت و پیشەسازی، نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی دیکە لە راوێژکاران و شارەزایانی تەکنیکی و یاسایی تیایدا ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین ھەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی رەوشنووسی یاسای نەوت و غاز و وردەکاریی و ماددەکانی نێو رەشنووسی یاساکە تاوتوێ کراوە، ھەروەھا کاری لیژنە تەکنیکی و یاساکان لەسەر ئامادەکردنی یاساکە خراوەتە بەرباس و لەوبارەیەوە جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە گرنگە یاساکە لە زووترین کاتدا ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند بکرێت و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت تا پەسەند بکرێت.
هەروەها لە کۆبوونەوکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پرۆژیاسای نەوت و غاز، بە یەکێک لە یاسا سەرەکیی و گرنگەکان ناوبردووە و رایگەیاندووە کە ساڵانێکە یاسای نەوت و غاز بەھۆی ئەوەی نەتوانراوە دەربکرێت بووەتە کێشەی ھەڵپەسێردرا و بە پێویستی زانیوە بە زووترین کات یاساکە دەربکرێت، بۆ ئەوەی ھەمووان سوود لە سامانە سروشتییەکان وەرگرن.
بە بۆچوونی محەمەد شیاع سوودانی، بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، زۆرێک لە کێشە ھەڵپەسێردراوەکان چارەسەر دەکرێن و رایگەیاندووە کە دەرکردنی یاساکە، بەشێکە لە پابەندییەکانی کارنامەی حکوومەتەکەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە کە تیایدا بنەما دەستوورییەکان لەبەرچاو دەگرێت، بەشێوەیەک کە گرەنتی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی نەوت بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، داوای کردووە کە لیژنەیەکی وەزاری پێکبھێندرێت، بە ئامانجی سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ھەرێم، ھەروەھا داوای لە پارێزگارانی پارێزگا بەرھەمھێنەرە نەوتییەکانی بەسرە، میسان، کەرکووک، زیقار و بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیاکانی نەوت سەربە حکوومەتی کردووە کە لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئامادەکردنی پرۆژەیاساکە ئامادەبن.
پێشتر ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زەینەب موسەوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا، ئاشکرای کردبوو کە لەئێستادا، رێککەوتنێک لەبارەی ئامادەکرن و دەرکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز لەنێوان بەغدا و ھەولێر ھەیە.
ئاماژەی بەوەیشدابوو کە گفتوگۆکان لەبارەی رەشنووسی یاسایەک بۆ ئەوەی ببێتە مایەی چارەسەرکرنی ناکۆکییەکانی نێوان ناوەند و ھەرێم بەردەوامە و راشیگەیاندبوو، یاساکە، رادەستکردنی داھاتی رۆژانەی ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت، لەلایەن ھەرێمەوە بە گەنجینەی گشتیی دەستەبەر دەکات”.
عێراق کە ئەندامە لە رێکخراوی وڵاتانی ھەرنادەکاری نەوت (OPEC) لە دوای سعوودیە، بە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاو ھەژمار دەکرێت کە رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت، بەڵام تا ئێستا یاسای نەوت و غازی نییە، بە درێژایی خولەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەوڵ دراوە ئەو یاسایە دەربکرێت، بەڵام بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە دەرنەکراوە.