حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی دوو ڕاگەیەندراوێکی جیاوازیان دەربارەی مووچە بڵاوکردەوە و لەوەی حکومەدا دابەشکردنی مووچەی تێدا نیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی کێشەی مووچە و بودجە بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت بەوەی پابەنی ڕێککەوتنەکان نەبووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ” کاتژمێر (٣٠؛٩) بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٠٢٣/٨/٣ ) بڕی ( ٥٩٨ ) ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کراو ڕەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە، هەر ئەمڕۆش دابەشکردنی مووچە بەوەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و خشتەی سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕادەگەیەنرێت و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە”.
هاوکات ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمان ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە، بەڵام بڕگەی دابەشکردنی مووچەی تێدا نییە و دەڵێت: “ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٠٢٣/٨/٣ ) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق پارەکە (٥٩٨ ملیار دینار) ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کراو ڕەوانەی بانکەکان دەکرێت بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە”. بێ ئەوەی باسی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی و بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە بکات.