بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی ئاشكرای دەكات، پلانیان هەیە لە مانگی 9 ئەمساڵەوە دەست بە ناو نووسین بکەنەوە بۆ ئەوانەی ئارەزووی بەجێهێنانی فەریزەی حەج دەكەن و دەشڵێت: “پێشنیازمان کردووە ناو نووسینەکە بە ئەلیکترۆنی بێت”.
مامۆستا کامەران عەلی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە گفتووگۆدان بۆ گۆڕانکاری کردن لە میکانیزمی ناو نووسین بۆ حەجی ساڵی داهاتوو، چونكە پێشنیازیان کردووە ناو نووسینەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی بێت وەک عێراق و وڵاتانی دراوسێ”.
ڕاشیگەیاند، پێشنیارمان كردووە پارە وەرگرتن لە حاجییان وەک حکومەتی عێراق بێت و لەسەرەتای دەرچوونی ناوەکە حکومەت نیوەی پارەی تێچووی حەجەکە لەو کەسانە وەربگرێت، کە ناویان دەرچووە و حکومەت وەبەرهێنان بە پارەکەوە بکات و دواتر لە وەرزی حەج کردندا بۆ حاجییەکانی بگەڕێنێتەوە.
ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستانەوە 4 هەزار و ٦٨٦ حاجی فەریزەی حەجیان بەجێهێنا، كە بەشێکیان لە رێگەی وشکانی بە پاس و بەشێکی دیکەیان لە رێگەی فڕۆکەوە گەشتی حەجیان ئەنجامدا.