دادگای فیدڕاڵی عێراق فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بێ هیوا كرد و ئەو داوایەی ڕەت کردەوە، كە لە دژی حکومەتی هەرێم تۆمار کرا بوو، بەوەی بڕیاری پاشەکەوتی مووچە بە “نادەستووری” لە قەڵەم بدات و دادگاكە دەڵێت: “ئەوە ناچێتە ناو تایبەتمەندی دادگای فیدڕاڵییەوە”.
دادگای فیدڕاڵی عێراق كۆبووەوە و ئەو سكاڵایەی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركرابوو تایبەت بە نادەستووری بوونی پاشەکەوتی مووچەی ڕەتکردەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا هەریەكە لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەند پەرلەمانتارێکی كورد و شیعە سكاڵایەكیان لە دادگای فیدڕاڵی تۆماركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كابینەی هەشتەم لە ساڵی 2016 بۆ سەپاندنی پاشەكەوتی مووچە و بڕیاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ لێبڕینی مووچە لە ساڵی 202دا.
لە سكاڵاكەدا داوا لە دادگای فیدڕاڵی كرابوو پاشەکەوتی مووچە “بە نادەستوری” لەقەڵم بدات و حکوومەتیش لە ڕووی یاساییەوە ناچار بە دانەوەی پاشەکەوتی مووچە بکات، بەڵام دزێنێ دادگای فیدڕاڵی داواكەی ڕەتكردەوە بەبیانووی ئەوەی “ئەو بابەتە لە دەرەوەی تایبەتمەندی و ڕێکاری وردبینی دادگای فیدڕاڵییە” و دەبێت لە دادگاكانی هەرێم سكاڵا لەسەر ئەو پرسە تۆمار بكرێت، چونكە بڕیاری پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەریكردووە.
سەرەڕای ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی، بەڵام پارەی پاشەكەوت كراوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بڕیاری وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا لە (ئەمانات)ەوە گۆڕاوە بۆ (قەرز) و لە ئێستا وەك قەرز لە ئەستۆی حكومەتی هەرێم تۆماركراوە و دەبێت بگەڕێنرێتەوە.