سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان لە دادگای بالای فیدڕاڵی عێراق سكاڵای لەسەر نادەستووری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە و دەڵێت: “18ی ئەم مانگە دادبینییە و چاوەڕێ دەكەین بڕیاری نادەستووری بوونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان بدات”.
یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، پاش ئەوەی ڕۆژی ٧/ ١١/ ٢٠٢٢ داوایەكمان تۆمار كرد سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دەركردنی یاسا و بەردەوام بوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢.
ڕاشیگەیاند، دادگای باڵای فیدڕاڵی ڕۆژی ١٨/ ١٢/ ٢٠٢٢ی دیاری كرد بۆ دادبینی دۆسییەكە.
وتیشی، “بە ڕەچاو كردنی چەند بڕیارێكی پێشووی دادگای فیدڕاڵی و ئاماژەدان بە دژوەستانەوەی درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنە ھەڵبژێردراوەكان لەگەڵ ئیرادەی گەل و بنەماكانی دیموكراسی و بەند و مادەكانی دەستوور، چاوەڕێ ئەكەین دادگاكە دواجار بڕیاری نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەربكات”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە داواكەماندا داوامان كردوە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر نادەستوری بوونی یاسای ئاماژەپێكراو و كۆتایی ھێنان بە ویلایەتی «پەرلەمان » و «سەرۆكایەتیی ھەرێم» و «حكومەتی ھەرێم» بدات.