وەزارەتی حەج و عومرە لە سعودیە ڕایدەگەیەنێت، تۆماركردنی تایبەتمەندی پەنجەمۆر دەكرێتە مەرج بۆ ڤیزای ئەلیكترۆنی عومرە بۆ ئەوانەی لە بەریتانیا، و تونس، و كوێت، و بەنگلادیش، و مالیزیاوە ڕوو لە شاری مەككەی پیرۆز دەكەن.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ڕایگەیاند، ئامانج لە تۆماركردنی پەنجە مۆر، ئاسانكارییە بۆ ڕێكارەكانی هاتنەناوەوە لەڕێی خاڵەكانی هاتنەژوورەوە بۆ شانشینی سعودیە، لەگەڵ دەوڵەمەندكردنی ئەزموونی ژمارەیی بۆ میوانەكان، هەنگاوەكانی تۆماركردنی ئەو تایبەتمەندییانەشی ڕوونكردۆتەوە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودی دەڵێت، تۆماركردنی ئەو پەنجە مۆرە لەڕێی داونڵۆدكردنی ئەپڵیكەیشنی (Saudi Visa Bio) لە مۆبایلە زیرەكەكاندا، لەگەڵ دیاریكردنی جۆری ڤیزا، و خوێندنەوەی دەستبەجێی پاسپۆرت، و وێنەگرتنی ڕوخسار لەڕیی كامێرای پێشەوە و هاوتاكردنی لەگەڵ وێنەی كەسی سەر پاسپۆرت، و پێوانی مۆری دە پەنجەی ئەلیكترۆنی لەڕێی كامیراوە.