وەزارەتی نەوت كۆی گشتی هەناردە و داهاتی بۆ مانگی تەمموز ڕاگەیاند، كە 8 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی هەناردەی نەوت لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) لە ڕایگەیاندووە، كۆی گشتی هەناردەكردنی نەوتی خاو 106 ملیۆن و 76 هەزار بەرمیل بووە، داهاتەكەی 8.29 ملیار دۆلار بووە.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆی گشتیی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تەمموز لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 105 ملیۆن و 49 هەزار بەرمیل بووە، هاوكات بڕی هەناردەكراو بۆ ئوردن 344.8 هەزار بەرمیل بووە و هەناردەی گەیارە 922.76 بەرمیل بووە.
ڕاشیگەیاندووە، تێكڕای بڕی هەناردەكراوی ڕۆژانە 3 ملیۆن و 440 هەزار بەرمیل بووە، لە كاتێكدا تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك 77 دۆلار و 69 سەنت بووە.
لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڕی هەناردەی نەوتی خاو 100.06 ملیۆن بەرمیل بووە، داهاتی نەوتی خاویش 7.18 ملیار دۆلار بووە.