ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدی ئەنفالکردنی بەرزانییەکاندا تێدەپەڕێت. ئەو هەزاران مرۆڤە بێتاوانەی، نە ئینسانی بوون و نە موسوڵمانبوون نە هاووڵاتی بوونی عێراقی، تکای بۆ نەکردن و تەنها لەسۆنگەی کوردبوون و بارزانی بوونەوە، بەدڕندانەترین شێوە لە مافی ژیان بێ بەشکران و بەستەملێکراوترین شێوە تیابران.
جینۆسایدی بارزانییەکان بە وەرچەرخانێکی ترسناکی بەعس دژ بە گەلی کوردستانی باشوورو بزاڤە ناسیۆنالیستەکەی لە قەلەم دەدرێت کەدوواتر بە پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران گەیشت بە لووتکەی خۆی، ئامانجیش تیایدا کۆتایهێنان بە ناسیۆنالیزمی کوردی و چۆکدادانێکی مێژوویی پشتشکێن بوو بە کورد وەك گەل.
خۆشبەختانە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ڕسوای بەردەمی خواو مێژوو بوون.
کورد سەرلەنوێ سەری بەرز کردەوە، بۆ یەکەم جاریش لە مێژووی نوێیدا، بەشێکی گرنگی نیشتیمانەکەی لەدەست داگیرکەران ڕزگار کردوو سەدان گوندو شارۆچکەی ڕووخاوی ئاوەدانکردەوە، بەڵام ئەوەی سەرکردایەتی هەرێمە ڕزگراوەکە نەیتووانی وەك ئەوەی پێویستە تییبگات و بیکات، وەڵامدانەوەیەکی مێژوویی و نەتەوەیی و شارستانی بوو بە پرۆسەی جینۆسایدی گەلەکەمان بە مەبستنی سڕینەوەو چۆک پێدادان و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی وەك گەلێك و بەشێ لەچوارەمین نەتەوەی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئەگەر ئامانجی جینۆساید لەگەل خستن بێت، دەبێت بەهای قوربانیانی ئەم تاوانە گەل و نیشتیمان سازی بێت، ئەو دوو ئامانجە ستراتیژییەی سەرکردایەتی حیزبیی بڕیار بەدەستی باشوور، تاکو ئێستا لەسۆنگەی:
ناکۆکی، گەندەڵی و نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەدامەزراوەیی کراوی دەستووریی، لەبەدیهێنانیدا شکستی خوواردووە، هەربۆیە لەڕووی هووشیاری مێژوویی و هەستیاری ئەخلاقی و گیانی نەتەوەیی و ئاگایی سیاسییەوە، بڕیار بەدەستەکان بەئاستی جیاواز لە پەیامی پشت جینۆسایدی گەلەکەمان و ئەوئەرکەی دەیانخاتە ئەستۆیان بە ئاستی جیاواز وەك ئەوەی قەوارەی تاوانەکەو پێویستیەکانی دووبارە خۆ بیناکردنەوە دەیخوازێت، حاڵی نەبوون و مامەڵەیان نەکردوو!.
بەداخەوە واقیعی ئێستای گەلی باشوورو هەرێمەکەمان تاکو ئێستا لەمە زیاترمان پێناڵێت، هیوادارم دەرفەتی ڕاستکردنەوەی ئەم لادانە گەورەمان لەبەردەستدا مابێت.