پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند لەمەودوا بۆ وەرگرتنی بەنزینی ٨۰۰ دیناری سیستەمی تاک و جووت بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت نامێنێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پاش بەدواداچوون و هەمانگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چەند بڕیارێکمان لەبارەی نرخی سووتەمەنی و بەنزینخانەکانەوە داوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە بەنزینی ٦۹۰ دیناری کە ڕێژەکەی ٤۰۰ هەزار لیترەوە و لە لایەن کۆمپانیای کارەوە بەرهەم دێت و لە نۆ بەنزینخانە دابەش دەکرێت تایبەت بکرێت بە گواستنەوە (تەکسی و پاص) ئەوەش لە پێناو کارئاسانی هاوڵاتیاندا.
وتیشی، دابەشکردنی بەنزین بەشیوەی تاک و جوتی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان دەبێت و بڕەکەش بۆ تەکسی سنوور دا نییە و بۆ پاصیش تەنها پەنجا لیترە.
ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی تاک و جووت بۆ ئوتومبێلی تایبەت نامێنێت و هاوڵاتیان دەتوانن تاکو پەنجا لیتر وەربگرن بە نرخی ٨۰۰ دینار کە لە چەند بەنزینخانەیەک بەردەست دەبێت.
بڕیارەکانی پارێزگاری هەولێر لەکاتێکدایە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە و نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە نزیکەی هەزار و ٣٠٠ دینار.