میدیای فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، ناکۆکییە ناوخۆییەکان ڕەوایی بوونی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە و ئاماژەش دەدات بەوەی تا ئێستا هەرێم دەستووری نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی سەباح کە بە میدیای فەرمی عێراق دادەنرێت، ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی “یاساناسەکان دەڵێن: ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد ڕەوایی بوونی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە” بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ساڵی 2005-ەوە نەبوونی دەستوور بووەتە گرێکوێرە و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر داڕشتنی ڕێکنەکەوتوون.
دانا دارا ئەندامی کۆمەڵی دادگەریی کە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بوو، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند، دیارترین هۆکاری نەبوونی دەستوور بۆ ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە.
لای خۆشیەوە هۆشیار مالو شارەزای یاسایی بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان پێویستی بە نووسینەوەی دەستوورە، بەڵام ناکۆکی نێوان حزبەکان بووەتە ڕێگر لەبەردەم داڕشتنی دەستوورێكی کۆکەرەوە کە ببێتە پاڵپشتێك بۆ هەموو ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچن.
جێی ئاماژەیە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پێگەی هەرێمی کوردستانیان بە تەواوی لاوازکردووە و بەو هۆیەشەوە تا ئێستا چەندجارێك میدیای فەرمی عێراق هەواڵ و ڕاپۆرتی دەربارەی ئەگەری هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەووەتەوە، کە پێشتر وروژاندنی ئەو بابەتە لە میدیای فەرمی عێراق وەك هێڵی سوور تەماشا دەکرا.