وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەڕێی سیستەمی (KFMS)ەوە خەرجی ناپێویست و ڕۆتینی ئیداری و دارایی کەمکراوەتەوە و لە مساڵیشدا ١٠٤ ملیار دینار خەرجی ناپێویست پاشەکەوت کراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان (KFMS) لە نوسینگەی سەرۆکوەزیران دواین هەنگاوەکانی بەرەو پێشبردنی سیستەمەکە گفتوگۆی لە بارەوە کرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا دواین هەنگاوەکان و پێشکەوتنەکانی سیستەمەکە گفتوگۆی لە بارەوە کراو ئامادەکارییەکان بۆ داخڵکردنی بودجەی وەبەرهێنان لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ناو سیستەمەکە تاوتوێکرا.
هەروەها ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی رایگەیاند، بەهۆی سیستەمەکەوە ڕۆتیناتی ئیداری و دارایی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوەو شەفافیەت زیاد بووە، وتیشی لەمەدوا سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم دەچێتە ناو هەژمارێکی تایبەتەوەو هیوای خواست لە ڕێی سیستەمەکەوە سەرجەم خەرجی و داهاتەکان ڕێک بخرێت و ڕۆتیناتی ئیداری و دارایی و بەتەواوی کەمبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی داتاکانی تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣ دا شەش هەزار و ١٤٢ داواکاری خەرجی لە ڕێی سیستەمەکەوە پێشکەش کراوەو لەو ماوەیەدا ١٠٤ ملیار دینار خەرجی ناپێویست پاشەکەوت کراوە.