هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆبوونەوە و ڕێككەوتن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەی سەرۆكی هەرێم دیاری دەكات و بڕیاریاندا، ” پشتیوانی لە رێككەوتنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین”.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاند، هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێككەوتنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین.
ڕاگەیەنراوی هاوبەشی یەكێتی و پارتی:
كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەباشان ئەنجام درا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و عیراق و كوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئكیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی كردەوە و تەواوی تواناكانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەكان لە پێناو بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكان.
بە ئاڕاستەی زیاتر چڕكردنەوەی هەوڵەكانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتین:
1: هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
2: بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لە هەموو روویەكەوە كێشە و جیاوازییە بچووكەكان بەلاوە بخرێن و روو لە پێكەوە چارەسەركردنی كێشەكان بكەین.
3:بڕیارماندا پرۆسەی رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
4: هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێككەوتنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین.
5: لە پێناو زیاتر لێكنزیكبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەركەوتن بەسەر كۆسپەكاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی كوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان.