ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە زۆر خراپە، کاری پێکەوەیی نەماوە و یاسا و ڕێساکان پێشێل دەکرێن.
لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند “پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە و ڕێز و حورمەت نەماوە، وەزعێکی زۆر خراپە.”
لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتیە، دەڵێت: “بریکاری وەزیری پێشمەرگە فەرمانێکی دەرکردووە و وتویەتی، دەبێت پشکی یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە 57٪ بۆ پارتی و 43٪ بۆ یەکێتی بێت. منیش بە نووسراوی فەرمی وەڵامم دایەوە. ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیارێکی لەو جۆرە بدات و 50 بە 50 کاتی خۆی و لە دۆخێکی سیاسیدا بڕیاری لێدراوە.”
وتیشی: “بڕیارەکەی بریکاری وەزارەت کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و هێزەکانی 70و 80 ش دەبێت، کاریگەریشی لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەشتن دەبێت کە بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان و هاوپەیماناناوە، هەشت لایەن واژووی کردووە.”
بەوتەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پەیامی ئەوەی گەیاندووەتە بریکاری وەزارەتەکەی لە پشکی پارتی، ئەگەر پێشتر بیرۆکەی زیادکردنی پشکی پارتیتان هەبووە بە رێژەی 57٪ بەرامبەر بە 43٪ ، دەبووایە پێش واژووکردنی یاداشتی لێکتایگەشتنەکە قسەیان کردبا.
لیوا ڕوکن بەختیار وتی: “بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاداشتە واژوو کراوەکەی نییە، چونکە دەسەڵاتی وەزیری پێشمەرگەشی نەدراوەتێ.”
سەبارەت بە وەڵامی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا ڕوکن بەختیار دەڵێت، “بریکار وتی [ لەسەرەوە ئەمەم پێوتراوە و حزبەکەم ڕازی نابێت بە 50 بە 50 ، چونکە خەڵکمان زیاترە و کورسی پەرلەمان و جوگرافیای زیاترمان بەدەستەوەیە.] ئێمەش وتمان پەرلەمان نەماوە و حکومەت چووەتە قۆناغێکی تایبەتەوە، با هەڵبژاردن بکرێت، دواتر لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی تازە ئەم دۆخە موناقەشە دەکەین، لەم کاتەدا کە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، هەست ئەکەین ئەم داواکارییە وەکو بۆمب وایە و متمانە ناهێڵێت، دۆخە سیاسییەکە ئاڵۆزتر دەکات.”
کۆتایی مانگی ڕابردوو، جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشداری وڵاتەکەی گەیاندە بەرپرسانی هەرێم لە ڕاوەستانی هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
لیوا ڕوکن بەختیار، وتی”هاوپەیمانان وەکو کورد و یەک هێز دەیانەوێت مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، کێشەکە ناو خۆمانە لای ئەوان نییە، ئەوانیش گلەییان هەیە.”
وتیشی”بریکاری وەزارەت دەڵێت وەکو پارتی 50 بە 50 قبوڵ ناکەین، یەکێتیش دەڵێت 57 بە 43 قبوڵ ناکەین، بۆیە دواجار کێشەی تر دروست دەبێت.”
لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پێیوایە تەنها چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی وەزارەتی پێشمەرگەی تێکەوتووە، دانانی وەزیرێک بۆ وەزارەتەکە و ڕێگرتنە لە شۆڕبوونەوەی ناکۆکی سیاسی بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە، وتی”دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەشتن و کاری پێکەوەیی، نەک تاکڕەویی.”
پەیوەنیدر
کوردستان
ی.سلایدەر
ی.سەردێر
پرۆژەیەکی گرنگی کارەبا لە دەڤەری راپەڕین جێبەجێکرا
تشرینی دووهم 22, 2024
عێراق
ی.سلایدەر