تەنها دوو ڕۆژی ماوە ئەم مانگە و هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 6 و 7یان وەرنەگرتووە و وەزارەتی دارایی هەرێمیش چاوەڕێی هاتنی پارە لە بەغداوە دەكات بۆ دابەشكردنی مووچە، كە ڕەنگە بكەوێتە ناوەڕاستی هەفتە “سەرەتای مانگی 8” و بەوەش دواكەوتنی مووچە دەبێتە 45 ڕۆژ.
ڕۆژی پێنج شەممە 15ی 6ی 2023 بڕی 400 ملیار دینار پارە لە بەغداوە گەیشتە هەرێم و دواتریش 400 ملیاری دیكە گەیشت و لە 18ی 6ی 2023 بە وەزارەتی تەندروستی دابەشكردنی مووچە دەستی پێكرد و تاوەكو 1ی 8 دەبێت بە 45 ڕۆژ كە مووچە نەدراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم، “چاوەڕێی ناردنی پارەن لە بەغداوە پاشان دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی ڕێككەوتن لەنێوان شاندی هەرێم و عێراق واژۆ كراوە”.
بە وتەی سەرچاوەكە، “دوای دڵنیابوون لە ناردنی پارە لە بەغداوە، ڕۆژی دوو شەممە خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت و لە ڕۆژی سێ شەممەوە 1ی 8ی 2023 دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت” بەڵام دیاری نەكردووە بە چەند ڕۆژ تەواو دەبێت.
لە ئێستادا حكومەتی هەرێم مووچەی دوو مانكی ئەمساڵ (6 و 7)ی فەرمانبەران و خانەنشینان و سەرجەم مووچەخۆران قەرزدارن و وەك وتەبێژی حكومەت و بەرپرسانی هەرێم ڕایانگەیاندووە، “ئەگەر پارە لە بەغداوە بێت مووچەی هەدوو مانگەكە بەدوای یەكدا دابەش دەكرێت”.
دوای ڕاگرتنی نەوتی هەرێم بە بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی پاریس لە مانگی ئازارەوە، حكومەتی هەرێم و عێراق بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی ڕێككەوتن بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە و پێدانی پشكی بودجەی تەواو بە هەرێم و دواتریش پشكی هەرێم لە بودجە جێگیر كرا، بەڵام تا ئێستا بودجەی تەواو نەهاتووە بۆ هەرێم وەزیری دارایی هەرێمیش چەند جارێك دووپارتی كردۆتەوە، “بە داهاتی ناوخۆ ناتوانن مووچە بدەن و عێراق داوای داهاتی ناوخۆ دەكات”.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی بەرپرسانی هەرێم، داهاتی مانگانەی هەرێم نزیكەی 300 ملیار دینارە و لە ڕابردوودا لەگەڵ 600 ملیار دیناری داهاتی نەوت دراوە بە مووچە.