رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و بۆ رێگریکردن لە مەترسی کەوتنەوەی ئاگر و پاراستنی ژینگە، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش و هاتوچۆ و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و بەشی زیادەڕۆیی شارەوانی سلێمانی، هەڵمەتێکی بۆ لابردنی هەمو ئەو کۆشک و شوێنانە کرد کە لە چیای گۆیژە و ئەزمڕ ئاگردەکەنەوە.
وتیشی: بۆ پاراستنی ئەو درەختانە لە سوتان و لەناوچون کەتەمەنیان زیاتر لە چل ساڵە لەهەڵمەتەکەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (2023.7.27) سەرجەم ئەو کۆشک و سەکۆیانەی کاری گۆشت برژاندن، نێرگەلە دانانە بۆ رێبواران و گەشتیاران و میوانان دادەنێن تێکدراون، هەروەها، دەست بەسەر ئەو ئوتۆمبیلانەدا گیراوە کە دار، خەڵوز و خەڵوزی نێرگەلە بەخەڵک دەفرۆشن.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لەهاوڵاتیان و رێبواران و گەشتیارانی هەردو چیای گۆیژە و ئەزمڕ دەکات، لەکاتی سەردانکردن و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ئاگر مەکەنەوە کە دەبێت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر و سوتاندنی دارەختەکان.
دیە ئەحمەد – خوێندکاری مەشقکار لە دارشتنەوەی ئەم هەواڵەدا بەشدار بووە.