وەزارەتی پلاندانانی عێراق وادەی رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی سەرژمێری گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدەدرێت ،هاوکات نەتەوەیەکگرتووەکان پاڵپشتی پڕۆسەکە دەکات و بە شێوازی ئەلکترۆنی بەرێوەدەچێت.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و نوێنەری چەند وەزارەتێک، لەگەڵ وەزیری پلاندانان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لە بارەی بەرێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی کرد.
لە کۆبوونەوەکە محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانان رایگەیاندووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام دەدەن و سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان هاوکاری پڕۆسەکە دەکات تاوەکو بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.
لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، شێوازی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری بەشێوەی ئەلکترۆنی دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، کۆتا سەرژمێری گشتی کە بۆ دانیشتوانی عێراق ئەنجام درا ساڵی ١٩٩٧ بوو و بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ١٩ ملیۆن کەس بووە و سەرژمێرییەکە بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ هەزار و ٨٨٣ کەس.