نازم زەهاوی سەرۆكی پارتی پارێزگارانی حكومڕانی بەریتانیا ڕایگەیاند حكومەت داوای هاوكاری لە سوپای وڵات دەكات لە گرەنتی بەردەوامی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە حاڵی مانگرتنی كارمەندان بەتایبەت كەرتە سەرەكییەكان لەوانە تەندروستی گشتی.
زەهاوی بۆ كەناڵی سكاینیوز ڕایگەیاند، پەیامیان بۆ سەندیكاكان ئەوەیە، ئێستا كاتی مانگرتن نییە، بەڵكو كاتی هەوڵ و گفتووگۆیە، بەڵام دەبێت حكومەت پلانی خۆی هەبێت واتە پلانی جێگرەوە.
ئاشكراشیكرد، لەوە دەكۆڵنەوە داوا لە سوپا بكەن بۆ هێزی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی ڕەوشەكە، بەتایبەت بۆ دابینكردنی شۆفێر بۆ ئەمبوڵانسەكان.
بەریتانیا بە دەست مانگرتنەوە گیریخواردووە، دوای ئەوەی سەندیكاكان داوای مانگرتنیان لە كەرتەكانی حكومەتی و تایبەتدا كرد لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا.
مانگرتنەكە، كەرتی چاودێری ڕێگاوبانە خێراكان، تیمی فڕۆكەخانەی هیسرۆی لەندەن و چەند بواری دیكەی گشتی و ئابووری دەگرێتەوە، ئەوان بەدەست كەمی كرێكانیانەوە دەناڵێنن بە تایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخ و هەڵاوسان.
تیمەكانی فریاگوزاریش دەنگیاندا بۆ ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی لە پێش هاتنی ساڵی نوێ و چاوەڕێدەكرێت كارمەندانی ئاسایشی كۆمپانیای یۆروستاری هێڵەكانی شەمەندەفەریش بگرێتەوە.
یەكێتی خزمەتگوزاری گشتی و بازرگانی داوایكردووە لە 16 تا 7ی یەنایەر مانگرتن بكرێتو بەو پێیە ژیان لە بەریتانیا ئیفلیج دەبێت لە زۆرینەی كەرت و بوارەكاندا.
ئەندامانی كابینەكەی ڕیشی سوناك كە بەر لە شەش هەفتە دەستبەكاربووە، دەڵێن چی دیكە وڵات بەرگەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ناگرێت، پێشنیاز دەكەن پێداچوونەوە بە كرێ و مووچەی كارمەندانی كەرتی گشتیدا بكرێت.
ڕێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا لە مانگی ئۆكتۆبەر بۆ 11.1% بەرزبووەتەوە، بەرزبوونەوەیەك لە 40 ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، ئەمە لە پاڵ بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستەی خۆراكی و وزە.
بەهۆی جەنگی ئۆكراینەوە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ تەنگەژەی ئابووری و وزە و هەڵاوسان ڕووبەڕووبوون كە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوو ئەو ڕەوشەیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.