دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و مووچە، میدیای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئەو لایەنە ناوخۆیانەی لەسەر شکستهێنانی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێم “گرەوەکەیان دەکرد، گرەوەکەیان دۆڕاند”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەناڵی کوردستان 24 کە بە میدیای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەناسرێت، دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و مووچە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “لەکاتێکدا بەشێک لەلایەنەکان لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە لە چەند رۆژی رابردوودا گرەویان لەسەر شکستهێنانی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکرد، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدای کردەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەسەر واژۆکردنی کۆنووسێکی هاوبەش بۆ رەوانەکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێککەوتن، بەمەش جارێکی دیکە ئەو لایەنانە لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و وەکو پیشەی هەمیشەیان گرەوەکەیان دۆڕاند”.
بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا ناوی ئەو لایەنانە نەهێنراوە کە کەناڵەکە دەڵێت “گرەویان لەسەر شکستهێنانی کابینەی نۆیەم کردووە”.
ڕوونیشیکردەوە “رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، یەکێک بووە لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی راگەیاندنی کارنامەی حکومەتەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، كاری له پێشینه گهشهپێدانی هاوبهشی بنیاتنەر و سهقامگیره لهگهڵ بهغدا و دهستوور بنهمایهكی جهوههرییه له گفتوگۆكاندا”.
کەناڵە بڵاویکردەوە، “سەرباری دروستکردنی چەندین ئاستەنگ و بەربەست لەلایەن هەندێک لایەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە مافەکانی لە عێراق نەگات، بەڵام سەرۆکوەزیران لەسەر بەدەستهێنانی مافە دەستووریی خەڵکی کوردستان پێداگیربووە، دوای پەسندکردنی بودجەی عێراقیش جارێکی دیکە ئاستەنگ بۆ رەوانەکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکرا، هەندێک لایەن لەنێوخۆی هەرێمی کوردستانیش حکومەتیان بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تۆمەتبار دەکرد”.