دەزگای هەواڵگری عێراق دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعشی لە سلێمانی ڕاگەیاند کە بەشداری لە کوشتوبڕەکەی سەربازگەی سپایکەردا کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەزگای هەواڵگری عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەسەر بنەمای زانیاری ورد و بە هەماهەنگی لەگەڵ دژە تیرۆری سلێمانی ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا.
ڕوونیشیکردەوە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا، سەرکردەیەکی داعش بەناوی عەبدولخالق خەزعەل سوڵتان دەستگیرکرا کە ساڵی 2013 پەیوەندی بە داعشەوە کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستگیرکراوەکە لە پارێزگای سەڵاحەدین بەشداری لە چەندین هێرشی دژ بە هێزە ئەمنییەکاندا کردووە و یەکێکیش بووە لەو کەسانەی کە ساڵی 2014 بەشدارییان لە کوشتوبڕەکەی سەربازگەی سپایکەردا کردووە.
عەبدولخالق خەزعەل لە ویلایەتی دیجلەی داعش پۆستی سەربازی هەبووە و دواتر چووەتە ویلایەتی نەینەوا و لەوێ لە شەڕەکانی دژ بە هێزە ئەمنییەکاندا بەشداربووە.