مەسرور بارزانی ڕایگەیاند هیوادارم بزوتنەوەی گۆڕان هاوكار و هەماهەنگ و هاوهەڵوێست بێت لە سەر بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان کرد بەبۆنەی چواردەمین ساڵیادی دامەزراندن و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “لە چواردەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، پیرۆزبایی لە گشت ئەندام و ھەڵسوڕاو و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەم و هيوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە پێناو داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان”.
ڕاشیگەیاند “ئومێدەوارم بزووتنەوەی گۆڕان و هەموو حزب و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، هاوكار و هەماهەنگ و هاوهەڵوێست بن لە سەر بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان”.