لە زۆرێك لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر داوای لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكان مانگرتنی سەرتاسەری دەستیپێكردەوە.
ئەمڕۆ لە شارەكانی ئیلام، سەراوڵە، کرماشان، پاوە، جوانڕۆ، گیەڵان، کۆزەران، دیواندەرە، سنە، دێولان، سەقز، کامێران، قوروە، مەریوان، ئورمیە، شنۆ، مەهاباد، بۆکان، ڕوانسەر، شاباد و بانە و چەند شار و شارۆچكەی دیكە هاووڵاتیان لە كاسبكاران و بازاڕیان نەچوونە سەر كارەكانیان و دووكان و بازاڕەكانیان نەكردەوە و لە ماڵەكانیاندا مانەوە.
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران 80 ڕۆژیان تێپەڕكرد كە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز لە كاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە سەریانهەڵداوە.
ئەو مانگرتنەی ئەمڕۆ دەستیپێكردووە دوای ماوەیەك لە هێوربوونەوەی ڕەوشەكە و شەقامەكان دێت بەهۆی كەوتنەوەی توندوتیژییەكی لە ڕادەبەر و بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكان بەتایبەت لە مەهاباد و بۆكان و جوانڕۆ.
چەند ڕۆژی ڕابردوو ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی ئێران سەردانی شاری سنەی كرد و هاوكات ئێران بڕیاریداوە پۆلیسی ئێرشاد هەڵبوەشێنێتەوە و یاسای حیجابیش هەمواربكاتەوە، بەڵام هێشتا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان درێژەیان هەیە.