بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەغدا چاویكەوت بە نوری مالكی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ڕایگەیاند، بە شەراكەتی ڕاستەقینە و دیدگای هاوبەش ئاڵنگارییەكان تێدەپەڕێنین.
بەپێی هەواڵێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ دوو شەممە لە بەغدا بافڵ جەلال تاڵەبانی چاوی كەوت بە نوری مالكی و دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی یەكجارەكی كێشەكان، سەرخستنی كارنامەی حكومەت و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لەبارەی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد و چارەسەری سیاسییانەی كێشەكانەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، دەبێت دەستوور بنەمای چارەسەری كێشەكان بێت و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.
وتیشی، “شەراكەتی راستەقینە و دیدگای هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان، هەنگاوەكان بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیر و خۆشگوزەرانتر خێراتر دەكات”.
ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆبووەوە.