لە هەمواری یاسای حیجابەوە بۆ هەمواری دەستوور



ئێرانییەكان هیواخوازن دەستووری ئێران هەمواربكرێتەوە دوای هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاداب و پێداچوونەوە بە یاسای حیجاب لە كاردانەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی نزیك بە سێ مانگە كە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقزەوە لە كاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئادابەوە لە تاران سەریانهەڵداوە.

بەشێك لە شارەزایان گومانیان لە ئەو هەنگاوەی ئێران هەیە كە ئایا تاكتیكە بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان كە 10 هەفتەیە بەردەوامن یان گۆڕانكارییەكە لە سیستمی حكومڕانی ئێران.

محەمەد جەعفەری مۆنتەزەری داواكاری گشتی ئێران لە شاری قوم ڕایگەیاند “پۆلیسی ئاداب پەیوەندی بە داواكاری گشتییەوە نییە نە دروستبوونەكەی نە هەڵوەشاندنەوەی، ئەوە لەلایەنی تایبەتمەندەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە”.

ڕاشیگەیاند “پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕش كار لەسەر یاسای حیجاب دەكەن و لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەنجامەكانی بە دیار دەكەون”.

عارف كەعبی سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی ناوچەی ئەحواز و چالاكی ئەحوازی دەڵێت “هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاداب بە كاتییە واتە ڕاگرتنە نەك هەڵوەشاندنەوە، ئەمە یەكەم جاریش نییە، كاتی خۆی محەمەدی خاتەمی لەسەردەمی خۆیدا ڕایگرت لە 1997-2005، دوایی ئەحمەدی نەژاد لە 2005 بۆ 2013 گەڕاندیەوە، حەسەن ڕۆحانی لە 2013 بۆ 2021 ڕایگرت و ئیبراهیم ڕەئیسی لە 2021 گەڕاندیەوە.

دەشڵێت “بڕیارەكە تاكتیكە بۆ ئەوەی پەیامێك بگەیەنێت كە وەڵامی ناڕازیانیان داوەتەوە”.

لای خۆیەوە عارف باوەجانی سەرۆكی پارتی سەربەستی كوردستان دەڵێت “بڕیارەكە بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەكانە”.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد “ناڕازیان داوای لابردنی پۆلیسی ئاداب ناكەن، داوای ئازادی دەكەن، تەنانەت داوای ڕۆیشتنی دەسەڵاتیش دەكەن، ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی خۆپیشاندەراندایە”.

شارەزای كاروباری ئێران مەحمود جابر دەڵێت “بڕیارەكە بۆ دابەشكردنی ناڕازیانە بۆ دوو بەرە، ئەمە هەنگاوێكی سازشكردنە بۆ كۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتییەكان لە بری بەرەنگاربوونەوە”.

پیشەوای ئەهلی سوونەی زاهیدان مەولەوی عەبدول حەمید دەڵێت “كاتێك دەوڵەت دەیەوێت ڕەوایی لە گەلەوە وەربگرێت، پێویستە ڕاپرسی لەسەر دەستوور بكات”.

بزووتنەوەی ئازادی لە ئێران داوا دەكات ڕاپرسی لەسەر دەستوور بكرێت و ئاین و دەوڵەت تێكەڵ نەكرێن چی دیكە، ئەمە چارەسەری یەكەمە بۆ ئەو ڕەوشەی دروستبووە.

محەمەد ڕەزا باهنەر یەكێك لە كەسایەتییەكان دەڵێت “پێویستە دوای 40 ساڵ لە دەرچوونی دەستوور پێداچوونەوە بە دەستووردا بكەین، لە فەڕەنسا پێنج كۆمار گۆڕدراون، پێویستە كۆماری دووهەم دەستپێبكەین”.

دەستووری وڵاتی ئێران لە 1979 پەسەندكراوە و لە 1989 بە تێكەڵكردنی پۆستی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی دەوڵەت هەمواركرایەوە.

گەریلایەك لە سنووری ماوەت شەهید بوو
پێت گەریلایەك لە سنووری ماوەت شەهید بوو
یارییەكانی ئەمشەوی مۆندیال
دوات یارییەكانی ئەمشەوی مۆندیال
پەیوەنیدر