ئەمشەو لە مۆندیالی 2022، ژاپۆن و كرواتیا ڕووبەڕووی یەكدەبنەوە و بەڕازیلیش بەرامبەر كۆریای باشور یاری دەكات.
كێبڕكێكانی قۆناغی 16ی جامی جیهانی 2022ی قەتەر بەردەوامییان هەیە و ئەمشەو كاتژمێر شەش لە یاریگای جنوب، هەردوو هەڵبژاردەی ژاپۆن و كرواتیا ڕووبەڕووی یەكدەبنەوە، ژاپۆن بە پێشەنگی كۆمەڵەی پێنجەم سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16 بەدەستهێنا، بەڵام كرواتیا بە پلەی دووەمی كۆمەڵەی شەشەم گەیشتە ئەو قۆناغە.
لە یارییەكی تردا و كاتژمێر 10ی شەو، هەڵبژاردەی بەڕازیلی پێشەنگی كۆمەڵەی حەوتەم، لە یاریگای 974 لە دەوحەی پایتەختدا، بەرامبەر هەڵبژاردەی كۆریای باشوری دووەمی كۆمەڵەی هەشتەم یاری دەكات.
براوەی ئەم دوو یارییە لە قۆناغی چارەكی كۆتایی مۆندیالدا ڕووبەڕووی یەكدەبنەوە و یارییەكەش هەینی داهاتوو نۆی ئەم مانگە لە یاریگای مەدینە تەعلیمیە بەڕێوەدەچێت.