جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات لەئەنجامی چەندین هۆکاری جیاوازدا رەوشی ئابوری سلێمانی ناسەقامگیرو جوڵەی بازاڕ‌و بازرگانی سست‌و لاوازە، ئەو دەڵێت “بوژانەوەی بازاڕی سلێمانی پێویستی بە بەرنامەو پلان هەیە”.
یاسین رەحیم فەرەج، جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” سەر بە ژووری بازرگانی سلێمانی راگەیاند “وەک ئەرکێکی ئەخلاقی وەک ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەسەر ئێمە پێویستە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و کاربەدەستانی پارێزگای سلێمانی لەوە ئاگادار بکەینەوە کە ماوەیەکی زۆرە بێ بازاڕییەکی گەورە باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا کێشاوە، بەتایبەتی لەوکاتەوەی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا نادرێ‌و بۆ نمونە ئێستا کە له‌ناوه‌ڕاستی مانگی حه‌وتداین، به‌ڵام هێشتا فه‌رمانبه‌ران مووچه‌ی مانگی شەشیان وه‌رنه‌گرتووه، هەربۆیە رۆژ بەڕۆژ زیاتر کاسبکارو پیشەوەرو بازرگانانی ئەم شارە هەست بەدڵەڕاوكی دەکەن بەرامبەر بەئایندەی کار‌و پیشەکانیان”.
راشیگەیاند “ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌یه له‌ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی له‌كاتی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بهرپرسانو ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبی‌و حكومی ته‌نها موجامه‌له‌یان نه‌كه‌ین، به‌ڵكو به‌وپه‌ڕی راستگۆییه‌وه باس له‌خراپی ڕه‌وشی بازاڕ بكه‌ین له‌م ناوچەیەدا تاكو به‌زووترین كات بیر له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م ڕه‌وشه بكرێته‌وه”.
سەبارەت بەپێشنیاری ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی بۆ کاربەدەستان، یاسین رەحیم وتی “بەبێ سیاسەتێکی ئابووری تۆکمەو پلانی ستراتیجی پەرەپێدان لەم ناوچەیەدا روونادات، هاوڵاتیانی سلێمانی چاوەڕوانی گەشەكردنی ئاستی داهاتی تاكەكەسیو پێشكەوتنی خزمەتگوزارییەكانو چارەسەركردنی گرفت‌و كێشە سەرەكییەكانی بواری بژێوی ژیانیان‌و چۆنیەتی باشتركردنی بەڕێوەبردنو کارگێڕینو بازرگان‌و وەبەرهێنەرانیش لەخەمی ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ‌و بەهێزکردنی کەرتی تایبەتدان”.
وتیشی “بەهێزبوونی کەرتی تایبەت پێویستی بەچاكسازیو نوێبوونەوەی ئابوری‌و پیادەكردنی ئابوری بازاڕە، بازرگان‌و خاوەنکارو وەبەرهێنەرانی سلێمانی خوازیارن خزمەتی ئەم هەرێمە بكەن‌و بەرژەوەندی خۆیان لەپێشكەوتنو خزمەتكردنی ئەم شار‌و نیشتمانەدا دەبینن، بۆیە پێویستە کاربەدەستان پاڵپشتی ئەم کەرتە بکات كە رۆڵی لەپەرەپێدانی کوردستاندا هەیە”.
جێگری یەکەمی سەرۆکی ژوور بەمەبەستی زیاتر جوڵە خستنە ناو پرۆسەی بازرگانی‌و بازاڕی سڵێمانی، داوا دەکات کاربەدەستان پێداچوونه‌وه بكه‌ن به‌ڕه‌وشی ده‌روازه سنوریه‌كاندا، ئەو وتی “له‌ئێستادا جوڵه‌ی بازرگانی لهدەروازەکانی پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیانەوە گواستراوه‌ته‌وه بۆ دهروازەکانی تری هەرێم‌و ده‌روازه‌كانی ناوهڕاستو باشووری عێراق، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكاری هه‌یه کە پێوسته به‌رپرسان هۆكاره‌كه‌ی بزانن‌و لێیبكۆڵنهوه، چونکە جاران زۆربەی كاری بازرگانی له‌ده‌روازه‌کانی باشماخ‌و پەروێزخانه‌وه ئه‌نجامده‌درا، بەڵام له‌ئێستادا جوڵەی بازرگانی له‌م مه‌رزانه رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و لاوازیی ده‌چێت، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م ڕه‌وشه پێویسته به‌رپرسان له‌گه‌ڵ ژووره بازرگانییهكانو یه‌كه ئابوورییه‌كان كۆبنه‌وه، چه‌ند مانگێك لەمەوبەر بەمەبەستی چالاککردنی جوڵەی بازرگانی لەو دەروازانە به‌رێز ئاواتی شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی‌و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی كردین‌و كۆبونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامدا به‌ئاماده‌بوونی كاك ساماڵی به‌رێوبه‌ری گشتی گومرگ، به‌ڵام ئه‌م بابه‌تانه پێویستە میكانیزمی جدی بۆ دابنرێت‌و بەپلانێكی باشتر سه‌یری كێشه‌كان بكرێت‌و به‌جدیتر كاری له‌سه‌ر بكرێت”.
وتیشی “کێشەیەکی دیکەی کاسبکارو بازرگانان زۆری باج‌و رۆتیناتە، من به‌ڕاشكاویی ده‌ڵێم یه‌كه ئیداریه‌كانی سلێمانی له‌ئاست خواستی بازرگاناندا نین، بۆ نمونه فه‌رمانگه‌ی ژینگه له‌بری ئه‌وه‌ی كار بۆ باشتركردنی ڕه‌وشی ژینگه‌و زیادكردنی روبەری سهوزاییو جوانكردنی سلێمانی بكات، هاتووه بارگرانی بۆ بازرگانان‌و پیشه‌سازان دروستکردووە لەڕێگەی كۆمه‌ڵێك رێکارو رێوشوێنی تایبەتەوە، بازرگان هاتووه بۆ ژوور سكاڵایەتی لەبەرئەوەی له‌فه‌رمانگه‌ی ژینگه پێیانوتووه: ئێمه فه‌رمانبه‌رێكی خۆمان ده‌نێرین بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كه ئه‌نجامی ده‌ده‌یت، ده‌بێت مووچه‌ی بدهیتێو بیژێنێت، بازرگانه‌كه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی ژینگه داوای ئه‌كات بۆ فهرمانبهرهکەی بكه‌م ناتوانم بۆ مناڵه‌كه‌ی خۆمی بكه‌م! ئه‌مه‌ش واده‌كات پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرێت”.
یاسین رەحیم ئەوە روون دەکاتەوە کە رۆژانه چه‌ندین خاوه‌ن نوسینگه‌ی خانوو زه‌وی سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌كه‌ن به‌مه‌بەستی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی نوسینگه‌كانیان، ئەو وتی “هەیە هاتووه ده‌ڵێت نزیكه‌ی دوو ساڵه كرێ نوسینگه‌كه‌م له‌گیرفانی خۆم ده‌ده‌م! خه‌ڵك گه‌ر داهاتی هه‌بێت نایه‌ت مۆڵه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت ببوژێته‌وه هاوڵاتیان داوای دامه‌زراندن له حكومه‌ت ناكه‌ن، سەرباری ئەوەش ئەم دۆخە لێکەوتەی کۆمەڵایەتیشی هیە، بۆ نمونە لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا پیاوێك له‌ماڵه‌وه دابنیشێت‌و نه‌توانێت خه‌رجی ماڵ‌و مناڵی دابین بكات، کاریگەری لەسەر رێز‌و حورمەت‌و کەسایەتی دەبێت، چونکە ئیش‌و کار نەک هەر بژێوی ژیان بەڵکو کەسایەتی مرۆڤیشی پێوە بەستراوە، هەربیە ئەمڕۆ کێشە ئابوریه‌كه كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشی دروست كردوه”.
وتیشی “کێشەیەکی دیکەی بازرگانی لەم شارەدا ئەوەیە کە له‌كاتی كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سلێمانی، به‌رپرسێكی باڵای حكومی‌و حیزبی ئاماده نیه به‌شدار بێت‌و رێورەسمی كردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجام بدات، ئه‌مه وایكردوه كارگه‌و كۆمپانیاكانی زۆنی سه‌وز ده‌چن به‌شداری له‌و پێشه‌نگایانه ده‌كه‌ن كه له‌هه‌ولێر ده‌كرێت، هەرچەندە لەدیدی منەوە هه‌ولێرو دهۆكو سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه كوردستانه‌و جیاوازیان نیه، به‌ڵام به‌داخه‌وه پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وایلێهاتووه جگە لەبەشداری بەڕێزان کاک هەڤاڵی پارێزگار‌و کاک ئاواتی قائیمقامی سلێمانی، ده‌بێت خۆمان له‌ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی بچین مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین، ئه‌مه جێی پرسیارە كه به‌رپرسێك نایه‌ت به‌شدار بێت له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا، هەرچەندە چه‌ندین وه‌زیر به‌ڵێن ده‌ده‌ن به‌شدار بن، به‌ڵام له‌ڕۆژی كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگاكه‌دا نایه‌ن بۆ سلێمانی! لەکاتێکدا وه‌زیر به‌رپرسیاریه‌تی لهئەستۆدایەو دەبێت خزمه‌تی هه‌موو كوردستان بكات بێ جیاوازی، ئەم جۆرە جیاکارییە پوکانەوەی ئابوری سلێمانی لێدەکەوێتەوە”.
جێگری یەکەمی سەرۆکی ژوور ئاماژە بەوە دەکات حكومه‌ت كاتێك ده‌توانێت خزمه‌تی هاوڵاتیان بكات‌و پڕۆژه‌ی باش ئه‌نجام بدات کە په‌یوه‌ندیه‌كی باشی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت هه‌بێت، ئەو وتی “ئێمه وه‌ك ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی لایه‌نی جێبه‌جێكار نین، په‌رله‌مانێکی بچوكی كه‌رتی تایبهتینو پڕۆژه‌و پێشنیاز ده‌ده‌ین به‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، پێشنیازهكانیشمان لەدڵسۆزیو پەرۆشیمانەوەیەو بۆ خزمه‌ت كردنی چینێكی دیاریكراو نیه، به‌ڵكو بۆ بوژاندنه‌وه‌و جوڵەی بازاڕ‌و به‌ره‌و پێشبردنی ژێرخانی ئابوری وڵاته‌كه‌مانه”.
سەرچاوە: ژووری بازرگانی سلێمانی