وێنەی هەواڵەکە؛ ڕووداوی هاتووچۆی دوێنێ لە شارەزوور كە 2 كەس گیانیان لەدەستدا و 7 كەس بریندار بوون.
ڕۆژانە ڕووداوەكانی هاتووچۆ ڕوویان لە هەڵكشانە و تەنها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 40 كەس بوونە قوربانی و ئەفسەرێكی هاتووچۆ دەڵێت: “بەرگەی هەواڵەکان ناگرین، لافیتەی ڕەش بە سوچی هەموو کۆڵانێکەوەیە”.
ڕائید بەهمەن عەبدوڵا، ئەفسەری هاتووچۆی سلێمانی لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “مۆبایلەکانمان خوێنی لێدەچۆڕێ، ئازیزان بەرگەی هەواڵەکان ناگرین”.
دەشڵێت: “لافیتەی ڕەش بە سوچی هەموو کۆڵانێکەوە، نە کردەوەی خۆکوژیە، نە دوژمن هێرشی کردوە، نە غاز تەقیوە، نە بۆردمانی تورکیایە، لەماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردودا :٣٠ کەس بەڕووداوی هاتووچۆ برینداربوون و ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە، كە ئەمە تەنها ئەو ڕووداوانەن، کە لە سۆشیال میدیا بڵاو کراونەتەوە”.
ئەو ئەفسەرەی هاتووچۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، “تکایە پابەندی خێرایی ڕێگە پیدراو بن، تکایە یاری بەژیانی خۆتان مەکەن هەمووان دەزانین ڕێگاوبانەکانمان وەکو پێویست نیە، خێرایی زۆر و تێپەڕاندنی هەڵە و سەرقاڵ بون بە مۆبایل لە مەترسیدارترین ئەو هەڵانەن، کە شۆفێر تووشی ڕووداوی دڵتەزێن دەکات”.