ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران،مانەوەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە سوید بە ڕەفتارێکی “نەگونجاو و قبوڵنەکراو” ناوزەند کرد.
محەمەد سەعدون ئەلسودانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی (ئەل مەعلومە)، ڕایگەیاندووە، “نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید نوێنەرایەتی عێراق دەکات، و ئەو باڵیۆزی حکومەتە، هەروەها بڕیاری کشانەوەی بەرپرسیارێتی کاروباری عێراق لە ستۆکهۆڵم ڕوون بوو و دەبێت لەلایەن ستافی باڵیۆزخانەوە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە جێبەجێ بکرێت”.
محەمەد سەعدون ڕاشیگەیاند: نوێنەری کوردستان پابەند نەبوو و هەوڵیدا بمێنێتەوە و ڕێنماییەکانی حکومەت جێبەجێ نەکات، مانەوەی ئەو مانای ئەوەیە نە نوێنەرایەتی عێراق دەکات و نە باڵیۆزی حکومەت دەبێت بە هیچ پێوەرێک،چونکە بەدەر لەڕێنماییەکانی دەوڵەت رەفتار دەکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەڕان پێی وایە: “مانەوەی نوێنەری کوردستان لە سوید نەگونجاوە و قبوڵ ناکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەبێت گوێڕایەڵی فەرمانی حکوومەتی عێراق بێت”، دووپاتیشی کردەوە: “کاتێک عێراق بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران باڵیۆز و کادرەکانی لە سوید کشاندەوە، پێگەی فەرمی وەک ئەوەی باڵیۆز بێت لە سوید بوونی نەما، بۆیە مانەوەی یان نەبوونی هیچ مانایەکی نییە”.
محەمەد سەعدون جەختی لەوە کردەوە “پێویستە ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی نموونە بێت کەسانی ترنەتوانن پێشێلی بڕیاری دەوڵەت بکەن کاتێک حکوومەتی عێراق بڕیاری لەم جۆرە دەدات”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەو بەتەنها نوێنەرایەتی کورد و حکومەتی کوردستان ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی حکومەتی عێراق دەکات، بۆیە مافی مانەوەی لە سوید نییە”.
پێشتریش بەرپرسی کاروباری عێراق سویدی بەجێهێشت، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع ئەلسودانی ڕێنمایی دەرکرد بۆ ئەوەی بکشێنێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ستۆکهۆڵم بپچڕێنێت.
تا ئێستا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سوید بەجێنەهێشتووە و پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەولێر و ستۆکهۆڵم سەرەڕای ڕێنمایی سەرۆکی حکومەت بەردەوامە.